نرخی نەوت دابەزی

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەی ئاسیا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد.

دابەزینی نرخی نەوت لەکاتێکدایە بازرگانان چاویان لە کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە بۆ ئەوەی بزانن تاوەکو چەند بەرەوە بەرزکردنەوە یان جێگیرکردنی سوودی بانکی هەنگاودەنێت.

لەلایەکی دیکەوە، خواست بۆ کڕینی نەوت لەلایەن چین، گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهان وەک چۆن پێشتر پێشبینی دەکرا، هێندە بەرزنەبووەتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخەکانی نەوت داناوە.

ئەمڕۆ (دووشەممە، 12-6-2023) هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 29 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 24 سەنت دابەزی و بە 69 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەو پێیەش نرخی نەوت بەردەوامیی دا بە دابەزینەکانی دوو هەفتەی رابردووی خۆی، بەتایبەتی لەبەر داتا نەرێنییەکانی چین، کە ئاشکرایان کردووە؛ کەرتی پیشەسازیی ئەو وڵاتە بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، لە گەشەکردن وەستاوە.

فرانسیسکۆ بلانش، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند “نرخی نەوت لە ژێر کاریگەریی دوو هێزی دژ بە یەکدیدایە، لەلایەکەوە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی کاریگەری لەسەر خواست دروستکردووە، لەلایەکی دیکەشەوە کەمکردنەوەکان لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نەوتەوە نیگەرانییان لە سەر کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو دروستکردووە”.

بلانش پێیوایە لەم کاتەدا ئەوانەی پێیانوایە نرخی نەوت روو لە دابەزین دەکات، بازاڕیان بە دەستەوە گرتووە، لەبەرئەوەی نرخەکانی نەوت نەیانتوانیوە زیاتر لە ئاستەکانی 70 تاوەکو 75 دۆلار سەربکەون.

سەرەڕای ئەوە، ئەو شرۆڤەکارە پێی وایە؛ نرخی نەوت تێکڕا لەمساڵدا لە نزیکەی 80 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.