نرخی نەوت رۆژی هەینی زیاتر لە یەک دۆلار دابەزی و بەوپێیەش بۆ دوو هەفتەی یەک لە دوای یەکە بەهای خۆی لەدەستدەدات. نرخی نەوتی برێنت لە رۆژی هەینیدا 1 دۆلار و 17 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 1 دۆلار و 12 سەنت دابەزی و بە 70 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
داتا نەرێنییەکانی ئابووریی چین سەبارەت بە هەناردە و هاوردەی ئەو وڵاتە لە مانگی پێنجدا گومانی لای بازرگانان دروستکردووە کە خواست بۆ کڕینی نەوت لەلایەن دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان و گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە چەند مانگی داهاتوودا و کەم دەبێتەوە.
لە رۆژی پێنجشەممە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بەوەی ئێران و ئەمریکا نزیکن لە رێککەوتن بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت بە بڕی 3 دۆلار.
هەرچەندە دوای ئەوەی دوو وڵات هەوڵەکەیان رەتکردەوە نرخی نەوت نزیکەی 1 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام ئەوە پێشاندەدات تاوەکو چەند نرخی نەوت هەستیار بووە بە رووداوە جیۆسیاسییەکان.
جیڤانی ستانۆڤا، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی UBS لەو بارەیەوە رایگەیاند، “گۆڕانکاری نرخەکان لە کۆتایی ئەم هەفتەیە پێشانی دەدات تاوەکو چەند بازاڕی نەوت هەستیار و کاریگەرە.”
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە 1961 دۆلار
رۆژی هەینی، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نرخی زێڕ بە رێژەی 0.3٪ دابەزی بۆ نزیکەی 1961 دۆلار.
هەرچەندە نرخی زێڕ رۆژی هەینی دابەزی، بەڵام ئەو ئاستە بە بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردوو هەژمار دەکرێت.
بەپێی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا لە مانگی پێنجدا ژمارەیەکی زیاتر کە هاووڵاتییانی ئەمریکی داوای بیمەی بێکارییان کردووە و بازاڕی کار بەوە پێیە سستبووە.
ئەمە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی زێڕ گرەو لەسەر ئەوە بکەن کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەم مانگەدا روو لە بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی نەکات.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ.
تای وۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕی زێڕ و بازرگانی زێڕ لە نیویۆرک دەڵێت، “نرخی زێڕ لە نێوان 1940 تاوەکو 1990 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و تاوەکو هەفتەی داهاتوو کە ئامارەکانی هەڵاوسان و کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی دەکرێت، هەر لەو ئاستانەدا دەمێنێتەوە.