رێکخراوی ئۆپێک پڵەس سیاسەتی نەوتی خۆی بۆ ساڵی 2024 راگەیاند و بڕیاریداوە لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەردوام دەبێت.
دوێنی یەکشەممە (4ـی حوزەیرانی 2023)، کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لە ڤیەننا بەڕێوەچوو بڕیاریاندا بۆ ساڵی 2024 رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 40.46 ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە، ئەمەش لەپێناو سەقامگیری بازاڕ و هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوو، هەروەها بەهۆی بەردوامی دابەزینی نرخی نەوت.
بەپێی زانیارییەکان هەریەکە لە رووسیا و سعوودیە لەلایەن خۆیانەوە خۆبەخشانە ئاستی بەرهەمێنانی نەوتی خۆیان بە 500 هەزار بەرمیل بۆ هەر وڵاتێکیان راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوی ئۆپێک پلەس، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە، رۆژانە بڕی 1.4 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە و سعوودیە رایگەیاندووە تا کۆتایی ساڵی 2024 لەسەر ئەو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە بەردەوام دەبن.
هاوکات سوهێل مەزروعی، وەزیری نەوتی ئیمارات بۆ رۆژنامەنووسان بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بخاتەڕوو، ئاماژەی بەوەدابوو هەر هەوڵێک گونجاو بێت بۆ هاوسەنگی بازاڕی وزە، ئەوا بڕیاری لەسەر دەدەن.
پێش کۆبوونەوەکەش ئەمیر حوسێن جێگری وەزیری نەوتی ئێران بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرای کردبوو، لە کۆبوونەوە بەراییەکان هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی قەبارەی بەرهەمهێنان نەکراوە، ئاماژەی بەوەشدابوو، هەموو بابەتێک لەسەر مێزی دانوستاندن کراوە دەبێت.
واشبڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک پڵەس لە 26ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت لە کاتێکدا، بڕی بەرهەمهێنانی نەوتیش لە ئێستادا لەلایەن ئەندامانی ئۆپێک پڵەس بریتییە 41.86 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەیە.
سیاسەتی کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە کاتێک لە (5ـی تشرینی یەکەمی 2022) بڕیاریدا رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکاتەوە، هەروەها لە کۆتایی مانگی ئاداری 2023ـش بڕیاریدا لە مانگی ئایارەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2023 رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل کەمبکرێتەوە.