چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نرخی نەوت و زێڕ دابەزی

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ بە رێژەی 0.2٪ دابەزی بۆ نزیکەی 1955 دۆلار. هەروەها نرخی نەوتی برێنت دابەزی و بە کەمتر کە لە 74 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

سەرەڕای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و کێڤین مەککارتی، سەرۆکی کۆنگریس رایانگەیاند، لەسەر قەیرانی قەرزەکانی ئەمریکا رێککەوتن، بەڵام هێشتا چەندین کەسایەتی دیاری نێو کۆماری و دیموکراتەکان لە دژی رێککەوتنەکەن. 

ئەمڕۆ بڕیارە رێککەوتنی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان بخرێتە دەنگدانەوە و هێشتا روون نییە کە دەنگی تەواوی پێدەدرێت لەبەر ئەوەش نرخی ئۆنسەیەک زێڕ رۆژی سێشەممە توانی لە نزیکەی 1935 دۆلارەوە بەرزبێتەوە بۆ نزیکەی 1961 دۆلار. بەڵام ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دووبارە رووی لە دابەزین کردووەتەوە و هەندێک لە قازانجەکانی رۆژی رابردووی خۆی لەدەستداوە.

هۆکاری دابەزینی ئەمڕۆی نرخی زێڕ لەلایەن شرۆڤەکارانەوە بۆ داتاکانی چین دەگەڕێتەوە کە ئاشکرایان کرد بۆ دوو مانگی یەک لە دوای یەکە چالاکی کارگەکانی چین خاو دەبێتەوە و ئەوەش خواستی ئەو وڵاتەی بۆ کڕینی کانزا و کاڵاکان کەمکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەفتەی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەگەری هەیە سوودی بانکیی بەرزبکاتەوە و ئەوەش گوشاری زیاتر لەسەر نرخی زیڕ دروستدەکات.

نرخی نەوت زیاتر لە 4٪ دابەزی

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەهۆی لاوازی داتا ئابوورییەکانی چین دابەزی.

ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 28 سەنت دابەزی و بە 73 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 26 سەنت دابەزی و بە 69 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوت رۆژی سێشەممە بە رێژەی 4٪ دابەزی دوای ئەوەی داتاکانی پەیوەست بە کەرتی پیشەسازیی چین دەریانخست کە چالاکی کارگەکانی ئەو وڵاتە سستبوونەتەوە.

بەپێی نووسینگەی ئاماری چین، پێنوێنی (پی ئێم ئای) کە تایبەتە بە چالاکی کارگەکان لەم مانگەدا دابەزیوە بۆ 48.8 و لەبەر ئەوەی لە خوارەوەی 50یە، بە واتای سستبوونەوەی چالاکی کارگەکانی چین دێت.

لە ئاستی مانگانەدا نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 7٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساس بە رێژەی 9٪ دابەزینیان بەخۆوە بینیوە.

ڤیڤیک دەهر، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی (کۆمێن وێلس)ی ئوسترالیا لەو بارەیەوە رایگەیاند، “سستبوونەوەی چالاکی کارگەکانی چین دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی خواستی ئەو وڵاتە بۆ کاڵا و کانزاکان کەم بکات.”

ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، ئەو گەشبینیەی کە سەرەتای ئەمساڵ لەسەر بەرزبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت هەبوو، خەریکە کەم دەبێتەوە.