لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەیانیی ئەمڕۆ نرخی نەوت بەهۆی گەشبینی بەڕێککەوتنی کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر بابەتی قەرزەکانی ئەمریکا، بەرزبووەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بەرزبوونەوەکانی نرخی نەوتی سنووردارکرد.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 30-5-2023) نرخی نەوتی برێنت 35 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 42 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 53 سەنت بەرزبووەوە و بە 73 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بڕیارە رۆژی چواری مانگی داهاتوو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، کۆببێتەوە و بازرگانان چاوەڕێن بزانن ئایا ئەو هاوپەیمانییە هیچ گۆڕانکارییەک لە پشکی بەرهەمهێنەرانی نەوت دەکات، یان وەک خۆی دەیهێڵێتەوە.
توشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ( فۆجیتۆمی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند “بازرگانان نیگاکانیان لەسەر کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسە، کە لێدوانی جیاواز لەلایەن ئەندامانییەوە دراون”.
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، هەرچەندە رێککەوتن لەسەر قەرزەکانی ئەمریکا کراوە، بەڵام بازرگانانی نەوت بە وریاییەوە مامەڵە بە نەوتەوە دەکەن، هۆکارکەشی ئەوەیە؛ بازرگانان چاوەڕێن بزانن لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، چ بڕیارێک لەسەر سوودی بانکی دەدرێت.