نرخی نەوتی برێنت بۆ سەرووی 77 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی نەوت بەهۆی رێککەوتنی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر پرسی قەزرەکانی ئەمریکا، بەیانیی ئەمڕۆ بەرزبووەوە.

نرخی نەوتی برێنت بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 29-5-2023) بە بڕی 66 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 77 دۆلار و 61 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا، 75 سەنت بەرزبووەوە و بە 73 دۆلار و 42 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

رێککەوتنی نێوان کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکا کە رێگە بە حکومەتیح ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەدات بە مەرجی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی قەرزی زیاتر بکات، بووەتە هۆکار کە ئەو وڵاتە و تەنانەت هەموو جیهانیش رووبەڕووی قەیرانێکی نوێی ئابووری نەبنەوە، بەو هۆیەشەوە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت زیادبووە.

سەرەڕای ئەوەش، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سنوورداربووە، بەوپێیەی بازرگانانی نەوت نیگەرانی کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکان، کە ئەگەر سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، کاریگەری دەخاتە سەر خواست لەسەر ئەو کاڵا ستراتیژییە.

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (CMC Market) لەو بارەیەوە رایگەیاند، ” رێککەوتنی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر قەرزەکان، ئارامی گەڕاندەوە بۆ نێو بازاڕی نەوت”.

سەرەڕای ئەوەش تینا تێنگ دەڵێت، بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا، خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.