نرخی نەوتی برێنت دابەزی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بە دابەزین کرایەوە و نرخی هەر بەرمیلێک بۆ خوار 75 دۆلار دابەزی. هاوکات نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بۆ خوار 1990 دۆلار دابەزی.

نیگەرانی لە خاوبوونەوەی پرۆسەی بووژانەوەی ئابووریی چین و هەروەها مەترسیی سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا، بوونە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 17-05-2023 هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 3 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 88 سەنت مامەڵەی پێوە کرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا نزیکەی 2 سەنت دابەزی و بە 70 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.

ئیدوار مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، “گوشار لەسەر نرخەکانی نەوت دروستبووە بەو هۆیەی کە بازرگانانی نەوت ناتوانن گوێ بە سستیی بووژانەوەی ئابووریی چین نەدەن، کە ئاسۆی خواست لەسەر نەوتی تەمومژاوی کردووە.”

لە لایەکی دیکەوە بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا هەفتەی رابردوو 3.6 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە و ئەوەش گوشاری زیاتری لەسەر نرخی نەوت داناوە.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ خوار 1990 دۆلار دابەزی

نرخی زێر رۆژی چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەردەوام بوو لە دابەزینە گەورەکەی رۆژی سێشەممە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ 0.1%ی دیکە لە بەهاکەی خۆی لەدەستداوە و بە کەمتر لە 1990 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.

دابەزینی نرخی زێڕ دوای بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا دێت کە بەهۆی بەهێزیی داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا لە مانگی نیسان روویدا.

ناڕوونی سەبارەت بە پرسی قەرزەکانی حکومەتی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران و بازرگانان روو لە کڕینی دۆلار بکەن وەکو پەناگەیەکی ئارام. ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.

بڕیارە ئەم هەفتەیە کۆماری و دیموکراتەکان لە ئەمریکا بەردەوامی بە دانوستاندنەکانیان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی رێگەپێدراوی قەرزەکانی ئەمریکا بدەن، بۆئەوەی حکومەتی ئەمریکا بەبێ بودجە نەبێت.

چەندین بەپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی سێشەممە لێدوانیان لەسەر سیاسەتەکانی بانکەکە سەبارەت بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دا. زۆربەی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێیانوایە هێشتا زووە کاتێک بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەستنیشان بکرێت، بەو پێیەی رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە دوورە لە ئامانجی 2%ی بانکەکە.

16ی ئایار ئامارەکانی کەرتی پیشەسازی و کەرتی وردەفرۆشی بۆ مانگی نیسان لە ئەمریکا بڵاوبوونەوە، بەگشتی ئامارەکان ئەرێنی بوون، ئەوەش بازرگانانی نیگەران کردووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی، کە دواجار دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ رۆژی سێشەممە لە 2017 دۆلارەوە دابەزی بۆ 1984 دۆلار، بەڵام لە دوایین کاژێرەکانی مامەڵەکانی رۆژی رابردوودا هەندێک لە زیانەکانی قەرەبوو کردەوە.