چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

لە رۆژی دووشەممەوە کە بازاڕەکان کراونەتەوە، نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیاش، نرخی نەوت بەرزبووەوە. هەروەها نرخی هەر ئۆنسە زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 2014 دۆلار.

هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەبڕی 31 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 27 سەنت بەرزبووە و بە 71 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەپێی شرۆڤەکاران لە دوای ئەوە هات، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، بڕی 3 ملیۆن بەرمیل نەوت دەکڕن بۆ پڕکردنەوەی کۆگا ستراتژییەکانی ئەمریکا.

وەزارەتی وزەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو کۆمپانیانەی خوازیارن ئەو بڕە نەوتە رادەستی وەزارەتی وزەی ئەمریکا بکەن، دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە داواکاریی خۆیان پێشکێشی وەزارەتی وزە بکەن و نەوتەکەش لە مانگی ئاب بگاتە کۆگا ستراتیژییەکان.

توشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای فوجیتۆمی سیکیۆریتی، لەو بارەیەوە رایگەیاند، “

“بازاڕ هەست بەوە دەکات کڕینی نەوت لەلایەن وەزارەتی وزەوە بەردەوام دەبێت بۆ پڕکردنەوەی یەدەگی ستراتیژی تاوەکو ئەو کاتەی نرخی نەوتی سووکی تەکساس لە خوارەوەی 70 دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت.” 

ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، جگە لەو هۆکارە، دابەزینی زۆر بەرچاوی نرخەکان لە هەفتەی رابردوودا، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان بە هەلی بزانن روو لە کڕینی نەوت بکەن ، بەو پێیەش خواستیان بۆ کڕینی نەوت بەرزکردووەتەوە کە نرخەکانی بەرزکردووەتەوە.    

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 2014 دۆلار دابەزی 

ئەمڕۆ سێشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ دابەزی.

دابەزینی نرخی زێڕ هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی چەندین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە هۆشدارییان داوە سیاسەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی ئەگەری هەیە بەردەوام بێت لەبەر ئەوەی هێشتا رێژەی هەڵاوسان لە ئاستێکی بەرزدایە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.1٪ دابەزی بۆ نزیکەی 2014 دۆلار.

نیل کاشکاری، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی (مینیاپۆلیس) رایگەیاند، نابێت بەهۆی باشبوونی داتاکان لە چەند مانگێکی کەمدا بگەینە ئەو باوەڕەی کە هەڵاوسان لە ژێر کۆنترۆڵدایە و هێشتا رێژەی هەڵاوسان زۆر زیاترە لە ئامانجی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە 2٪ـە. 

سەرەرای ئەو لێدوانانە، نرخی زێڕ توانیویەتی بەرگری لە ئاستی 2000 دۆلار بکات کە بە ئاستێکی “هەستیار” بۆ بەهای کانزای زەرد هەژمار دەکرێت.

دابەزینی نرخی زێڕ بۆ خوارەوەی 2000 دۆلار بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ.