نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە بۆ سەرووی 76 دۆلار

ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە بەرزبوونەوە کرایەوە، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو بە بڕی 1 دۆلار بەهای خۆی لەدەستدا.

داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا کە رۆژی چوارشەممە بڵاوبوونەوە دەریانخست رێژەی هەڵاوسان لە مانگی چواری ئەمساڵ بەرزبووەتەوە و ئەوەش بووە هۆکار بۆ دابەزینی 1 دۆلاری نرخی نەوت، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کردەوە.

هەر بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ پێنجشەممە 56 سەنت بەرزبووە و بە 76 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی هەر بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 53 سەنت بەرزبووە و بە 73 دۆلار و 9 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەپێی داتاکانی کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا، قەبارەی بەنزینی کۆگاکراو لەو وڵاتە هەفتەی رابردوو 3 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل کەمیکردووە کە زیاتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت.

ییپ جون رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری IG لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نرخی نەوت توانیویەتی بەرزبێتەوە لەبەر ئەوەی هەفتەی رابردوو دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیبوو.”

ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە؛ لەبەر نیگەرانی لە رەوشی کەرتی بانکی و دارایی ئەمریکا و ترس لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا، بەرزبوونەوەکانی نرخی نەوت سنووردارن.

لەلایەکی دیکەوە بانکی ئۆسترالی نیوزلاندی رایگەیاند، کە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان پێشبینی بکەن جارێکی دیکە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە و ئەوەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆکار بۆ سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا کە لە شوێنی خۆیدا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.

نرخی هەر ئۆنسە زیر لە نزیکەی 2032 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ بەڕێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و لە نزیکەی 2032 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا کە رۆژی رابردوو بڵاوبوونەوە دەریانخست کە هەرچەندە رێژەی هەڵاوسان لە ئاستی ساڵانەدا لە مانگی چواری رابردوو دابەزیوە، بەڵام لە ئاستی مانگانە رێژەی هەڵاوسانی مانگی چوار 0.4٪ کەمتر بووە لە رێگەی هەڵاوسانی مانگی 3.

بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە رۆژی چوارشەممە نرخی هەر ئۆنسە زێڕی تاوەکو 2048 دۆلار بەرزکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ دووبارە دابەزیوە بۆ ئاستەکانی رۆژی رابردوو.

بازرگانانی زێڕ نیگەرانن لەوەی کە سەرەڕای خاوبوونەوەی هەڵاوسانی ساڵانە، هێشتا رێژەی هەڵاوسان لە ئاستێکی بەرزدایە و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بەرزبکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە داتا ئابوورییەکانی چین ئەوەیان ئاشکراکردووە کە رێگەی بووژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە هێندە ئاسان نییە و بەپێی داتاکان؛ قەبارەی هاوردەکاری چین لە مانگی چوار دابەزیوە. ئەوەش کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر نرخی زێڕ.