نرخی نەوت بەرزبووەوە

دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە ژمارەی هەلیکاری نوێ لە ئەمریکا، نرخی زێڕ دابەزینی گەورەی تۆمارکرد و پاشەکشەی بەرچاوی کرد لە بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە مێژووی مامەڵەکانی زێڕدا. هەروەها نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە بۆ سەرووی 75 دۆلار. 

لە کاتی داخستنی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە لە درەنگانی شەوی هەینی نرخی هەر ئۆنسە زێڕ دابەزی بۆ 2015 دۆلار و 33 سەنت. نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ رۆژی پێنجشەممە دوای بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا 2080 دۆلاری تێپەڕاند کە بەرزترین ئاستی بوو لە مێژووی مامەڵەکانی زێڕدا.

وەزارەتی کاری ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا 253 هەزار هەلیکاری نوێ رەخساوە، ئەوەش بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی لەناکاوی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەوالە داراییەکانی ئەمریکا کە دواجار دابەزینی نرخی زێڕی لێکەوتەوە.

تای وانگ، شرۆڤەکاری سەربەخۆی بازاڕە داراییەکان لەو بارەیەوە رایگەیاند، “داتاکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا دەستبەجێ نابێتە هۆکار بۆ ئەوەی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا هانبدات بۆ جارێکی دیکەی سوودی بانکی لە مانگی شەشی ئەمساڵدا بەرزبکەنەوە، بەڵام لانیکەم دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان و وەبەرهێنەران لەوە تێبگەن کە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی جارێ بەو زووانە ئەنجام نادرێت.”

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ بەرزکردەوە بۆ سەرووی 5٪ و بە ماوەیەکی کەم لە دوای ئەو بڕیارە نرخی زێڕ بەرزبووەوەوە بۆ سەرووی 2080 دۆلار. 

نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە بۆ سەرووی 75 دۆلار

ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا لە رۆژی هەینی بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە دوایین ساتی مامەڵەکاندا لە شەوی هەینی 2 دۆلار و 80 سەنت بەرزبووە و بە 75 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 2 دۆلار و 78 سەنت بەرزبووەوە بە 71 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

سەرەڕای بەرزبوونەوەکانی رۆژی هەینی، بەڵام نرخی نەوت هەفتەیەکی باشی بەڕێنەکرد و لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 5.3٪ دابەزی و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 7.1٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

دنیس کێسلەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (بی ئۆ کەی فاینەنشیاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، ” نرخی نەوت هەوڵ دەدات هەندێ لە زیانەکانی دوای بەرزکردنەوەی سوودی بانکی قەرەبوو بکاتەوە.”

ستێڤان برۆنۆک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (PVM) هەروەها رایگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوو نرخی نەوت رووبەڕووی شەپۆلێکی فرۆشتن بووەوە، بەڵام بنەماکانی بازاڕی نەوت و نیگەرانی لە کەمبوونەوەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت، رۆژی هەینی نرخەکانی بەرزکردەوە.