لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا لە رۆژی پێنجشەممە، نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی لە مێژووی مامەڵەکردنیدا تۆمارکرد و نرخی هەر ئۆنسەیەک بە نزیکەی 2090 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات، نرخی نەوتیش وێڕای بەرزبوونەوەکەی، نەیتوانی قەرەبووی ئەو دابەزینی سێ رۆژی رابردووی بکاتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە دوای راگەیاندنی سوودی بانکی لە ئەمریکا هات کە بەو هۆیەوە سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا و بەهای دۆلار رووی لە دابەزین کرد.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 4ـی ئایاری 2023، نرخی زێڕ بەو ئاستە بەرزە کرایەوە، بەڵام لە کاژێرەکانی دواتردا دابەزینی بەخۆوە بینی. بە جۆرێک کاژێر09:00 بەیانی بەکاتی هەولێر، هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 2040 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا. لەکاتێکدا لە سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکان بە 2088 دۆلار بوو.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی ئایار، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاریدا بە رێژەی 0.25٪ سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، بەڵام راینەگەیاند کە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە داهاتوودا پێویست دەبێت بۆ ئەوەی هەڵاوسان لەو وڵاتە کۆنترۆڵ بکرێت. تەنیا رایگەیاند کە چاودێریی داتا و ئامارە ئابوورییەکان دەکات و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاردەدات.
ییپ جوون رۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی IG لەو بارەیەوە دەڵێت، “نرخی زێڕ لە دوای بڕیاری کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی بەرزبووەوە بەو پێیەی بڕیارەکە بووە هۆی دابەزینی بەهای سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا و بەهای دۆلاریشی دابەزاند.”
براین لان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (گۆڵد سیلڤەر سێنترال) لە سەنگاپوور لەو بارەیەوە رایگەیاند، “بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە رەنگە لە ماوەی کورتخایەندا نرخی زێڕ بە رێژەیەکی سنووردار دابەزێت، بەڵام ئاسۆی نرخی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوەیە.”
لەلایەکی دیکەوە، نادڵنیاییە ئابوورییەکان و کێشە جیۆسیاسییەکان بوونەتە هۆکار بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی زێڕ.
نرخی نەوتی برێنت بە نزیکەی 72 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
نرخی نەوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە رێژەیەکی کەم بەرزبووەوە، بەڵام بەرزبوونەوەکە هێندە نەبوو بتوانێت قەرەبووی دابەزینی 9٪ ی سێ رۆژی رابردووی بکاتەوە.
نرخی نەوتی برێنت 17 سەنت بەرزبووەوە و بە 72 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئەوەش لەکاتێکدایە کە نرخی نەوتی برێنت رۆژی سێشەممە بۆ 71 دۆلار و 28 سەنت دابەزیبوو.
نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا هەروەها دوو سەنت بەرزبووەوە و بە 68 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوتی سووکی تێکساس بە رێژەی 11٪ بەهای خۆی لەدەستدابوو.
نرخی نەوت ئەم هەفتەیە بەهۆی لاوازیی ئابووریی چین و پاشان داتا نەرێنییەکانی ئەمریکا رووی لە دابەزین کرد.
سەرەڕای دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت، بەشێکی بازرگانان پێشبینی دەکەن دابەزینەکە سنوورداربێت لەبەر ئەوەی رێککەوتنی نێوان بەرهەمهێنەرانی نەوتی نێو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لەم مانگەوە جێبەجێدەکرێت کە بڕیاریانداوە ئاستی خستنەڕووی نەوت بە بڕی زیاتر لە 1.16 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بکەنەوە.