هەنگەوانی و بەرهەمهێنانی هەنگوین لە هەرێمی کوردستان

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

هەرێمی کوردستان بەهۆی کەشوهەوا لەبارەکەی و هەڵکەوتە جوگرافی و سروشتە نایابەکەی بە شوێنێکی لەبار دادەنرێت بۆ کاری هەنگەوانی و بەخێوکردنی هەنگ. هەبوونی هەندێک شارەزایی لە بوارەکەدا ساڵانە بڕێکی باشی هەنگوینت بۆ بەرهەم دەهێنێت.

لەم ساڵانەی دواییدا بواری هەنگەوانی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشچونێکی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە و کوردستان بووەتە شوێنێکی لەبار بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین بەتایبەت زۆر کەس ئێستا کاری هەنگەوانی بووەتە خولیایەک بۆیان و ناتوانن دەستبەرداری بن.
بەخێوکردنی هەنگ جگە لەوەی حەز و خولیایە لەلایەن هەنگەوانان، داهاتێکی باشی ئابووری هەیە بەهۆی بەرهەمهێنانی هەنگوینەکەی کە لە ڕووی تەندروستیشەوە سوودێکی لە ڕاددە بەدەری هەیە و چارەسەرە بۆ زۆرێک لە نەخۆشییەکان.
هەنگەکان بۆ ئەوەی تەنها یەک کلیۆ هەنگوین دروست بکەن، بە سەر چوارملیۆن گوڵەوە دەنیشنەوە، خۆ ئەگەر ساڵ ساڵی ڕووەکی تێسوو بێت، ئەوا هەنگوینی زۆر و نایاب بەرهەم دێنن.
هەنگەوانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆ ئەوەی بەرهەمێکی باش و بێخەوشیان هەبێ پێویستە ساڵانە گەرمیان و کوێستان بە هەنگەکانیان بکەن.
هەرچەندە بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریا و هەبوونی سەدان جۆر لەو گیاوگۆڵەی هەنگ بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین پێویستییەتی لە زۆر وڵات کاریان لەسەر دەکرێت بەڵام لە باشووری کوردستان خۆڕسکانە دەستەبەر بوون. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەرهەمەی لە سروشتەوە بەرهەم دەهێندرێت بەهۆی کێبڕکێ نەکردنی لەگەڵ بەرهەمی بیانی وا دەکات هەنگەوانان بە سوودێکی کەم بەرهەمەکەیان بفرۆشن و هەندێکجار زەرەرمەندیش دەبن.
لە هەرێمی کوردستان ٢١هەزار مێشەوان هەن، ٧٠٠هەزار پوورەنگیان هەیە. بەرهەمی ساڵی رابردووی هەنگوین ٧٠٠ تۆن بووە. ساڵانە لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٢٠٠ تۆن هەنگوین دەفرۆشرێت.
بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی هەنگەوانی هەرێم لەو ژمارەیە زیاتر لە ١٥هەزار هەنگەوان بژێوی ژیانیان تەنیا لەڕێگەی هەنگەوانی و بەرهەمەکانی هەنگەوە پەیدا دەکەن.
لوقمان عومەر کارگێڕی کۆمەڵەی هەنگەوانان لە سلێمانی وتی: ئەمساڵ کەشوهەوا لەبار بووە و چاوەڕوان دەکرێت هەنگەوانان بەگشتی بەرهەمێکی باشیان هەبێت بەشێوەیەک هەر سندوقێک حەوت بۆ ١٠ کیلۆگرام هەنگوینی تێدا بێت.
وتیشی، گونجاوی کەش و هەوا و خاک و بوونی گوڵێکی سروشتی زۆر لە گەرمیان و کوێستانەکان وایکردووە هەنگوینی کوردستان یەکێك بێت لە هەنگوینە باشەکانی دونیا و ساڵانە لەسەر ئاستی تاک بڕێکی لێ دەنێردرێتە دەرەوەی وڵات