سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نرخی نەوتی برێنت دابەزی

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە یەکەم رۆژی هەفتە، ئەمڕۆ (دووشەممە، 1-5-2023) نرخی نەوت لەبەر نیگەرانییەکان لە سستبوونەوەی چالاکیی کارگەکانی چین و ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، دابەزی.

نرخی نەوتی برێنت 61 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 63 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا لە مانگی 3ـی ئەمساڵ ئاماژە بەوە دەکەن، هێشتا رێژەی هەڵاوسان لە ئاستێکی بەرزدایە و ئەوەش ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بۆ جارێکی دیکە لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بەرزکردووەتەوە.

بانکی ئوسترالی نیوزلاندی (ANZ) لەو بارەیەوە رایگەیاند “ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، گوشاری بۆ نرخەکان لە بازاڕی وزە دروستکردووە”.

لەلایەکی دیکەوە، چالاکیی کارگەکانی چین بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە، لە مانگی چواردا دابەزیوە بۆ 49.2 و واتا خوارەوەی 50، کە ئەمەش هێمایەکە بۆ سستبوونەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە.

چالاکیی کارگەکانی ژاپۆنیش بە هەمان شێواز لە مانگی چواری ئەمساڵ بۆ ماوەی شەش مانگە دادەبەزێت، هەموو ئەم فاکتەرانە بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی پێشبینی کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو بکرێت.