لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەبارەی بودجەوە دەکات

ئەندامێکی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق دووپاتیده‌كاته‌وه‌، له‌ رێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ به‌نده‌كانی دیكه‌، كار بۆ زیادكردنی پشكی پارێزگاكان له‌ بودجه‌دا ده‌كه‌ن.

مه‌زر كروی ئەندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق لە لێدانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد “رێككه‌وتنێكی سه‌ره‌تایی هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو بڕگە سەختەکانی بودجەی ساڵی 2023 بەپێی دیدێکی روون و له‌ رۆژانی داهاتوو میوانداری سەرجەم وەزیرەکان ده‌كه‌ن بەمەبەستی دانانی پێشینەی دارایی دا”.

كروی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، كارده‌كه‌ن بۆ زیادکردنی پشكی پارێزگاکان لە چوارچێوەی بودجەی گەشەپێدانی هەرێمه‌كاندا لە 2.5 ترلیۆن دینارەوە بۆ 5 ترلیۆن دینار، ئه‌مه‌ش دەبێتە هۆی گواستنەوەی پارە لە هەندێک به‌نده‌وه‌ بۆ بودجەی گەشە پێدانی هه‌رێمه‌كان.

لەلایەکی دیکە موعین كازمی ئەندامی ‌لیژنه‌ی دارایی لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی بودجەی کارپێکردن لە بواری خزمەتگوزاری کاڵا و هەندێک پێداویستی بەکاربەر، کە لە هەندێک وەزارەتدا دوو هێندە زیادکراوە، کورتهێنانی نزیکەی 25 تریلیۆن دینار لە کۆی گشتی کە 64 تریلیۆن تێدەپەڕێنێت و رەنگە لەژێر رۆشنایی ئەوەشدا کەم بکرێتەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات، مانگی داهاتوو بودجە پەسەند بکرێت، ئه‌گه‌ر لە سەرەتای مانگی تەممووزی داهاتووەوە خەرجکردنەکە دەستپێبکات ئه‌وا كۆی گشتی بودجه‌ بۆ 170 ترلیۆن کەم دەبێتەوە .