یەک مانگە هەناردەینەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە و زیانەکەی سەدان ملیۆن دۆلارە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی نیسان مانگێک بەسەر وەستانی هەناردەی هەرێمی کوردستان بەرەو بازاڕەکانی جیهان تێدەپەرێت و لە ماوەی مانگێکدا سەدان ملیۆن دۆلار زیان بەر هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمپانیاکان کەوتووە و پێشبینیش دەکرێ بەمزووانە دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە.

وەک ئاشکرایە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە وەستێنرا کە دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا.
دادگەکە یەکلایی کردەوە کە تورکیا بە بێ مۆلەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ نەوتی هەرێمی کوردستانی فرۆشتووە و ڕێککەوتنێکی ساڵی ١٩٧٣ی پێشێل کردووە. بەپێی حوکمی دادگەکە دەبێ تورکیا ١٤٧٠٠٠٠٠٠٠ دۆلار بە عێراق بدات. بەپێی هەندێک بڕگەی تر عێراقیش دەبێ بۆ هەندێک سەرپێچی قەرەبووی تورکیا بکاتەوە.
ئەگەر ڕەچاوی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی دامەزراوەی وردبینی دیلۆیت بکەین لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان سەرووی ٤٠٠٠٠٠٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم هاتبوو کە نزیکەی ٤٠٠٠٠٠٠٠ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەکار هات و نزیکەی ٣٦٠٠٠٠٠٠ بەرمیل هەناردە کرا. کە بەتێکڕای هەناردەی ڕۆژانە دەیکردە نزیکەی ٤٠٠٠٠٠ بەرمیل.
داهاتی گشتیی هەناردەی نەوت لە سێ مانگدا ٢٤٥٢٠٠٠٠٠٠ دۆلار بوو بەڵام لە سێ مانگدا ١٢٦١٠٠٠٠٠٠ دۆلاری بۆ خەرجییەکانی دەرهێنان و گواستنەوە و کۆگاکردن و هەناردە تەرخان کرا و لە سێ مانگدا ١١٩٠٠٠٠٠٠٠ دۆلار هاتە گیرفانی حکوومەت کە بە تێکڕا بۆ مانگێک دەیکردە ٣٩٦٠٠٠٠٠٠ دۆلار.
ئەگەر تێکرای ئەم داهاتە بۆ داهاتی مانگی ڕابردووش بکرێتە پێوەر، ئەوا بەو دەرەنجامە دەگەین لە ماوەی مانگێکدا کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا وەستاوە زیانی ٣٩٦٠٠٠٠٠٠ دۆلار بەر داهاتی هەرێمی کورستان کەوتووە. ئەمە تەنیا ئەو زیانەیە کە بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە پتر لەوەش زیان بەر کۆمپانیاکانی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت و سەرجەم پڕۆسەکە کەوتووە.
لە لایەکی ترەوە جگە لە نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێک لە نەوتی کەرکووکیش هەر لەم هێڵەوە هەناردە دەکرا کە بۆ مانگێک دەگەیشتە ٢٥٠٠٠٠٠ بەرمیل و ئەمەش داهاتەکەی دەیکردە نزیکەی ١٩٠٠٠٠٠٠٠ دۆلار کە |ڕاستەوخۆ زیانی بە داهاتی عێراق گەیاندووە و بە هی هەرێمەوە خۆی لە نزیکەی ٦٠٠٠٠٠٠٠٠ دۆلار دەدات وئەگەر زیانی کۆمپانیاکانیشی بخرێتە سەر دەگاتە یەک ملیار دۆلار.
پێویستە بگوترێ لە چواری نیسان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ڕێککەوتنێکیان مۆر کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام هەناردەکردنەکە هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە. بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ڕادەستکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، لە تێکڕای بودجەکە کە رێژەکەی ١٢.٦٧%دیاری کراوە، دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠٠٠٠ بەرمیل نەوت هەناردە بکات وەک بەشێک لە داهاتی گشتیی عێراق.
پێویستە بگوترێ وەک پێشتر لە میدیاکان بڵاو کرایەوە محەمەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەرکردووە، ئێستا تەنیا بابەتی تەکنیکی ماوە کە پەیوەستە بەو بانکەی داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ دادەنرێت. چاوەڕێ دەکرێ لەم هەفتەیەدا هەناردە دەست پێ بکاتەوە.
لە لایەکی ترەوە چاوەڕوان دەکرێ بەمزووانە بودجەش پەسەند بکرێ و بەمەش لە هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی ڕوونتر، درێژە بە هاوکارییەکانیان دەدەن و پێشبینی دەکرێ دۆخی هەرێم لە ڕووی داهات و بودجە باشتر ببێت.