نرخی نەوت دابەزی

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا نرخی نەوت دابەزی. هەروەها هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1980 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، رەوشی ناجێگیری ئابووری جیهانی و کەمبوونەوەی خواست باڵی کشاندووە بەسەر بازاڕی نەوتدا و نرخی نەوتی دابەزاندووە.

کۆی ئەو فاکتەرانە بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوتی خاو لەلایەن هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کە سەرەتای ئەم مانگە بڕیاری لەسەردرا نەتوانێت سەرەتای ئەم هەفتەیە ببێتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.

بەیانیی ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور، 48 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 18 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا، بەهەمان رێژەی 48 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا هەفتەی رابردوو بەهۆی کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی بەنزین بە رێژەی 5٪ دابەزین.

کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی بەنزین لە ئەمریکا نیگەرانی دروستکردووە کە ئەگەری هەیە ئابووریی ئەمریکا پێی نابێتە قۆناخی سستبوونەوە. 

تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (CMC Market) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “داتا لاوازەکانی ئابووریی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی قەبارەی قازانجی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان نیگەرانی لەسەر گەشەی ئابووریی ئەمریکا دروستکردووە کە دواجار کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوتی لێدەکەوێتەوە.”

هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1980 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت 

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا لەنزیکەی 1980 دۆلار بە جێگیری مایەوە. 

نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا لە مانگی داهاتوو بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی گوشار لەسەر نرخی زێڕ دروستبێت. هەفتەی رابردوو نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ خوارەوەی 1970 دۆلار.

لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی لێدوانیاندا و رایانگەیاند، بانکی ناوەندی هێشتا پێویستی بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکییە بۆ ئەوەی بتوانێت هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکات.

ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بووە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی زێڕ ئاستی 2000 دۆلار لەدەستبدات و بە ئەستەم بگاتەوە ئەو ئاستە.

دابەزینی نرخی زێڕ بۆ ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامە کە نرخی کانزای زەرد توانی لەسەرەتای ئەم مانگە بەرزبێتەوە بۆ 2050 دۆلار. 

نیگەرانی لە مایەپووچبوونی بانکەکانی ئەمریکا بووە هۆکار بۆ ئەوەی خواست لەسەر زێڕ دروستبێت و نرخی زێڕی بۆ ئەو ئاستە بەرزکردەوە.