نرخی نەوت 86 دۆلاری تێپەڕاند

نرخی نەوت لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە بە بەرزبوونەوە کرایەوە، هەروەها هەر ئۆنسەیەک زێڕیش بە 2005 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

رۆژی دووشەممە 17-4-2023 ، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 17 سەنت بەرزبووەوە و بە 86 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها هەر بەرمیلێك نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 14 سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بازرگانانی نەوت پێیانوایە کەمکردنەوەکانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس خستنەڕووی نەوت لە بازاڕدا لە مانگی داهاتوو کەمدەکاتەوە و بەو هۆیەشەوە نرخەکانی نەوت بەرزدەبنەوە.

بازرگانان چاویان لە بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی چینە، بۆ ئەوەی بزانن کە تاوەکو چ ئاستێک خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن چین کە دووەم بەکارهێنەری نەوتی خاوە، گۆڕانکاری بەسەردادێت.

بۆ ماوەی چوار هەفتەی یەک لە دوای یەکە، نرخەکانی نەوت بەرزدەبنەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی کردووە، لەمساڵدا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو رۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات و بەرزدەبێتەوە بۆ 101 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژەی بەوە داوە کە بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ کەمیی نەوت لە بازاڕەکاندا و ئاماژەی بە ناجێگیربوونی نرخی نەوت داوە.

هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 2005 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە سەرووی 2000 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە 1994 دۆلارەوە بۆ سەرووی 2005 دۆلار بەرزبووەوە، بەوپێیەش نرخی زێڕ توانی هەندێک لە زیانەکانی لە هەفتەی رابردوو قەرەبوو بکاتەوە.

هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بەهۆی لێدوانی کریستۆفەر والەر، بەڕێوەبەری یەکێک لە لقەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو بانکی ناوەندی دەبێت بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، دابەزینی گەورەی بەخۆیەوە بینی بوو و بە رێژەی 2٪ دابەزیبوو.

نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا هەروەها لە ئاستی 2015 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی زێڕ لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی ئەو نیگەرانییانەی کە لە کەرتی بانکی ئەمریکا سەریان هەڵدا، بەرزبووبووەوە بۆ نزیکەی 2050 دۆلار، بەڵام رێوشوێبنەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و گەرەنتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەوەی کە ناهێڵێت کەرتی بانکی لە ئەمریکا تووشی شکست ببێت، بووە هۆکار بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەکانی نرخی زێر سنوورداربێت.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە چەند هەفتەی رابردوودا، دابەزینی رێژەی هەڵاوسانە لە ئەمریکا کە وەک پاڵپشتییەک بۆ نرخی زێڕ کاریگەری لە بازاڕدا دەبێت.