نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لەمساڵدا، نرخی نەوت لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکان بەرزبووەوە، بەڵام نرخی زێڕ گەورەترین دابەزینی رۆژانەی لە ماوەی 3 هەفتەی رابردوودا تۆمارکرد.

هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە داویین رۆژی مامەڵەکانی هەفتەی رابردوو 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 86 دۆلار و 31 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 36 سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەمساڵدا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار دەکات و هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوت بۆ بووژانەوەی ئابووریی چین دەگەڕێتەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هەروەها هۆشداری دەدات لەسەر ئەوەی کە کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت لەلایەن رێکخراوی ئۆپێک و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئەو رێکخراوەیە کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراون، دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی خستنەڕووی نەوت لەمساڵدا سنوورداربێت و کاریگەری لەسەر نرخەکانی نەوت دادەنێت.

نرخی نەوتی برێنت لە ئاستی هەفتانەدا بەرێژەی 1.2٪ بەرزبووەتەوە. هەروەها لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 2.4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاندووە لەمساڵدا لەڕووی خستنەڕووی نەوتەوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 400 هەزار بەرمیل کورتهێنان دروستدەبێت.

نرخی زێڕ 55 دۆلار لە هەر ئۆنسەیەک دابەزی

نرخی زێڕ لە رۆژی هەینیدا کۆتایی بە بەرزبوونەوەکانی هەفتەی رابردووی هێناو دابەزینی گەورەی تۆمار کرد.

هەر ئۆنسە زێڕ رۆژی هەینی لە دوایین ساتی مامەڵەکاندا بە 2004 دۆلار داخرا بەر لەوەی دابەزێت بۆ 1993 دۆلار.

بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار رۆژی هەینی نرخی زێڕ لە ئۆنسەیەک 2047 دۆلارەوە دابەزی بۆ 1993 دۆلار، هەرچەندە چەند کاژێر بەر لەوەی بازاڕ دابخرێت هەندێ خۆڕاستکردنەوە لە نرخەکان بەدیهات و دواجار هەر ئۆنسەیەکی لەسەر 2004 دۆلار داخرا.

کریستۆفەر والەر، یەكێک لە بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە بە هەڵوێستەکانی بەناوبانگە لەسەر سوودی بانکی رۆژی هەینی رایگەیاند کە سەرەڕای دابەزینی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا، بەڵام پێیوایە دەبێت هێشتا سوودی بانکی زیاتر بەرزبکرێتەوە بۆ ئەوەی هەڵاوسان دواجار لە کۆنترۆڵی بانکی ناوەندی دەرنەچێت.

لێدوانەکانی والەر بە تەنیا بەس بوو بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزاندنی نرخی زێڕ.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە رۆژی هەینی نزیکەی 55 دۆلار دابەزی و بەوپێیەش گەورەترین دابەزینی رۆژانە لە ماوەی 3 هەفتەی رابردوو تۆمارکرد.

ئێد مۆیا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا رایگەیاند، ” لە کورتخایەندا نرخی زێڕ بە ناجێگیری دەمێنێتەوە.”

شرۆڤەکارانی زێڕ بە دووری نازانن ئەگەر دابەزینی نرخی زێڕ بەردەوام بێت تاوەکو ئاستی 1992 دۆلار نرخەکەی دابەزێت.