سلێمان تاشان – ههولێر
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی دارایی و بانکیی عێراق باس لە سەرکەوتنی ڕێکارەکانی بەرزکردنەوەی بەهای دینار دەکەن، بەڵام پێناچێت بەهای دینار وا بە خێرایی بگاتە ئەو نرخەی بانکی ناوەندیی دیاری کردووە. دوێنێ لەپڕ بەهای دینار لە بۆرسەی جیهانیی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و ئەمەش کاریگەری نەرێنی خستە سەر بەهاکەی لە بازاڕەکانی کوردستان و عێراق.
هەرچەندە بەرپرسانی باڵای دارایی عێراق قسە لە سەقامگیری بەهای دینار بەرانبەر دۆلار دەکەن بەڵام پێدەچێت هێشتا چەند مانگێکی تر پێویست بێ تا ئامانجە سەرەکییەکە بەدی بهێنرێت. لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەهای دینار گران بوو و ئەمەش بووە مایەی دڵخۆشیی خەڵک، بەڵام دووبارە نرخەکەی دابەزییەوە و ئێستا کەس لە بازاڕدا بە تەواوی نازانێت بەهای دینار چی بەسەر دێت.
وەک ئاشکرایە بەهای دۆلار لە چەند مانگی ڕابردوودا تا ١٧٥٠ دیناریش بەرز بووەوە، بەڵام دوای گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێن ڕێ لەوە گیرا دینار لەمە زیاتر هەرزان ببێت.
هەوڵەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە لایەک و سیاسەتەکانی بانکی ناوەندیی ئەمەریکا و سزادانی کۆمەڵێک بانک و دۆزینەوەی هەندێک ڕێکاری نوێی خستنەڕووی دراو و ڕێگریکردنی ڕێژەییانەی بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە، یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک بەهای دینار ئاسایی ببێتەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری بواری بانکی و دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاشکرای کرد کە بانکی ناوەندیی توانیویەتی لە بەڕێوەبردنی دراو و بازاڕدا سەرکەوتنی گەورە مسۆگەر بکات و کۆنترۆڵی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار بکات.
ئەو پێی وایە بانکی ناوەندی بە پشتبەستن بە تۆڕی دیجیتاڵیی ئاڵوگۆڕی دراو و بەڕێوەبردنی باشتری بانکەکان و هەماهەنگی گونجاو بە تایبەتی لە خستنەڕووی دراو و حەواڵە، قۆناغ بە قۆناغ بەهای دیناری بەرانبەر دۆلار گران کردووە و تەنانەت بەمە گەشبینە نرخەکەی زیاتریش بەرز بکاتەوە و بیگەیەنێتە ئەو ئاستەی بانکەکە دەستنیشانی کردووە.
ئەو بۆچوونەی ڕاوێژکارە بانکییەکە، دوای ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە نرخی دینار بەرانبەر دۆلار گران بوو و بۆ یەکەم جار دوای چەند مانگ نرخی هەر دۆلارێک گەیشتە ١٤٢٠ دینار هەرچەندە دواتر دووبارە بۆ ١٤٤٠ دینار دابەزیەوە.
نرخی ئێستای دۆلار هێشتا مەودایەکی زۆری لەگەڵ نرخی ڕاستەقینە هەیە و ئەگەر مانگەکانی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بکرێتە پێوەر، ئەوا نرخی دینار لەچاو ئەو کات زۆر باشتر بووە بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکرێ کە نرخی دۆلار لە بانکی ناوەندی بە ١٣٢٠ دینار دەخرێتە بازاڕ لە کاتێکدا پێشتر بە ١٤٥٠ دەخرایە بازاڕ.
هەنگاوێکی گرنگ کە لە ماوەی ڕابردوودا کاریگەریی لە دابەزینی بەهای دۆلار بەرانبەر دینار هەبووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چەند هەفتەیەک دوای دەستکاریکردنی نرخی دینار بەرانبەر دۆلار لە بانکی ناوەندی، لە بۆرسەی جیهانیش نرخەکە دەستکاری کرا.
ئەگەر سەرنجی بۆرسەی جیهانیی بدرێت لە ٢٧ی ئادارەوە لە بۆرسەی جیهانیش لەپڕ نرخی دۆلار بۆ ١٣٠٠ دینار دابەزی و بۆیەش خەڵکێکی زۆر لە بۆرسە دەستیان بە کڕین و فرۆشتنی دینار کردووە و دەخوازن لەو بازاڕەدا قازانج بکەن.
مامەڵە جیهانییەکانی بۆرسە، بازاڕی دیناری هەندێک شێواندووە و لەسەرەتای ئەم مانگەوە دۆلار لە ١٣٠٠ دینارەوە تا ١٤٦٠ دینار لە هەڵبەز و دابەزدا بووە. دوێنێ سێشەممە لە هەولێر دۆلار بە ١٤٤٠ دینار بوو کەچی لە بۆرسەی جیهانی گەیشتە ١٤٦٠ دینار.
گۆڕانی نرخەکان چ لە بازاڕەکانی ناوخۆ و چ لە بۆرسەی جیهانی، ئەوە دەخوازێت ئەوانەی لەو بازاڕە چاویان لە قازانجە، زۆر وریاتر بجووڵێنەوە بۆ ئەوەی زیانیان بەرنەکەوێت چونکە هێشتا بە تەواوی ڕێ لە چوونەدەرەوەی دۆلار نەگیراوە و ئەو مەترسییە هەیە بۆ ماوەیەکی کاتیی دۆلار بگەڕێتەوە سەرووی ١٥٠٠ دینار.