بەهۆی نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خسستنەڕووی نەوت لە دوای بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت بەرزبووەوە، هەرچەندە ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی جیهان لەلایەکی دیکەوە، بەرزبوونەوەکەی سنووردار کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە (10-4-2023) هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 13 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پیوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 14 سەنت بەرزبووەوە بە 80 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تەکساس بۆ ماوەی سێ هەفتەی یەک لە دوای یەکە روویان لە بەرزبوونەوە کردووە و نزیکبوونەتەوە لە بەرزترین ئاستەکانیان لە مانگی 11ـی ساڵی رابردووەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە روویدا، کە هەفتەی رابردوو 24 بەرهەمهێنەری ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیاریاندا، بەیەکەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی پێنجەوە رۆژانە بڕی یەک ملیۆن و 16 هەزار بەرمیل کەمبکەنەوە.
دوای ئەو راگەیاندنە، سعودیە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی نێو رێکخراوی ئۆپێک، نرخی نەوتی خۆی لە بازاڕەکانی ئاسیا بەرزکردەوە.
ژمارەی سەکۆ نەوتییەکان لە ئەمریکا بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای بەیکەر هیوزی ئەمریکی، هەفتەی رابردوو بۆ 590 سەکۆ دابەزیوە، ئەوەش یەکێکی دیکە بووە لەو هۆکارانەی بوونەتە پاڵپشتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.