چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق باس لە نرخی دۆلار دەكات

ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی، دوای ئەو سێ پاكێجەی كە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن بانكەكەوە خرایە بازاڕەوە، سەقامگیری نرخی دۆلاری لەعێراق ڕاگەیاند.
عەلاق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: رێكارەكانی بانكی ناوەندی بەردەوامن، ئەو پاكێجانەی خستیانە بازاڕەوە جددین و بەشداربوون لە سەقامگیری نرخی دۆلار، ئێمە تا ئێستاش بەردەوامین لە ڕێكارەكانمان.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەدەگی بانكی ناوەندی پشت بە داهاتی نەوت لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەبەستێت ، بەو پێیەی سەرچاوەی یەدەگی دراوی بیانییە كە لە هەناردەكردنی نەوتی عێراقەوە دێت و فاكتەری سەرەكییە بۆ دیاریكردنی یەدەگەكان.
عەلی عەلاق گوتیشی : یەدەگی بانكیمان لە چوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەكاندایە.
ئەگەرچی نرخی فەرمی 100دۆلار كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دیاریكراوە، دەبێ بە132 هەزار دینار بگاتە دەست هاووڵاتی ،بەڵام نرخی 100 دۆلار لە بۆرسەكانی ئاڵورگۆری دراو رۆژانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار لەبەغدا بە 154 هەزارو 900 دیناربوو.
لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ سێشەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی، گوتی: جیاوازی نێوان ئەو دوو نرخە بە تێپەڕبوونی كات بچووك دەبێتەوە.
جەختیشی لەوەكردەوە كە لە ماوەی چەند هەفتە یان مانگی داهاتوودا، نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ هاوتەریبەكەدا دەگونجێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، یەدەگی بانكی ناوەندی ئەمڕۆ نزیكەی 115 ملیار دۆلارە، كە گەورەترین یەدەگە لە مێژووی وڵاتەكەدا.