نرخی نەوت بۆ خوارووی 78 دۆلار دابەزی

نرخی نەوت نەیتوانی درێژە بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی دووشەممە بدات کە بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان زیاتر لە 3 دۆلار بەرزبووەوە.

رۆژی سێشەممە 28-3-2023، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور نزیکەی 30 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 82 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا نزیکەی 4 سەنت دابەزی و بە 72 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

رۆژی دووشەممە بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە 3 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە سەرووی 78 دۆلار.

هومایون فەلەکشاهی، شارەزای وزە سەر بە ناوەندەی کێپلەر بە سەرچاوەیەکی راگەیاند، ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێنەکاتەوە، ئەوا نرخی نەوت دووبارە بەرزدەبێتەوە.

هەفتەی رابردوو بەهۆی نیگەرانی لە قەیرانی بانکەکانی ئەمریکا و تەشەنەکردنی ئەو قەیرانە نرخی نەوتی نزیکەی 10 دۆلار لە بەهاکەی لە دەستدابوو.

رۆژی دووشەممە بانکی فێرست سیتیزنی ئەمریکا نیازی خۆی بۆ کڕینی بانکی سیلیکۆن ڤالی کە تووشی قەیرانی نەختینە بووەتە راگەیاند و بەو هۆیەشەوە گەشبینییەک لای بازرگانانی نەوت دروستبووە بەوەی کە قەیرانی بانکی لە ئەمریکا دوای رێوشوێنەکانی حکومەتی ئەمریکا کۆنترۆڵ بکرێت.

نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 0.5٪ ی هەمووی خواست بۆ نەوتی جیهان دابین دەکات و لەبەر ئەوەش هەرچەشنە گۆڕانکای لە قەبارەی هەناردەکاری نەوتی هەرێمی کوردستان کێشە لە بازاڕەکانی جیهان دروستدەکات. 

هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1960 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە. هەر ئۆنسەیە زێڕ بە رێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە و بە 1960 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی داهاتوو هەروەها بە 1980 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی زێڕ رۆژی دووشەممە دابەزینی بەرچاوی تۆمارکرد و بەرێژەی 1٪ لە بەهاکەی لە دەستدا، بەوپێیەی لە 1980 دۆلارەوە دابەزی بۆ 1944 دۆلار.

دابەزینی بەرچاوی نرخی زێڕ لە رۆژی رابردوو دوای ئەوە هات کە نیگەرانی لە قەیرانی بانکی لە ئەمریکا کەمبووەتەوەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی بانکی فێرست سیتیزنی ئەمریکی رەزامەندی دەربڕیوە بۆ کڕینەوەی بانکی سیلیکۆن ڤالی.

بەپێی شرۆڤەکاران بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ بۆ سەرووی 2 هەزار دۆلار هەفتەی رابردوو لەبەر تەشەنەکردنی قەیرانی بانکی لە ئەمریکا روویداوە کە وای لە وەبەرهێنەران کرد روو لە کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان بکەن.