دڵشاد عه‌بدوڵڵا
چه‌ند ساڵێك لەمەوبەر پێکەوە سه‌فه‌رێکی فەرەنسامان کرد؛ له‌وێشه‌وه چووینه ڤینیسیا بۆ دیتنی بینالی كه دوو ساڵ جارێكه. ساڵانێكی زۆره نامیق عه‌لی قادر ده‌ناسم، زۆر گفتوگۆی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیش به‌یه‌كه‌وه ده‌كه‌ین. ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی له هونه‌ری شێوه‌كاریدا هه‌یه. به‌ڵام له‌و سه‌فه‌ره نهێنییه‌كی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌م دیته‌وه كه ئه‌و هه‌موو ساڵه هه‌ستم پێ نه‌كردبوو، ئه‌ویش ئه‌و سۆزه به‌هێزه‌ی بوو بۆ (به‌هێزی) كوڕی كه ئه‌وكات له شاری ڕۆتردام له هۆڵه‌ندا ده‌ژیا. سۆزێك كه ده‌توت نهرمهشهپۆله خۆی ده‌دا له كه‌نار، هێمن و له‌سه‌رخۆ. ده‌یویست دوای بینالی بچین بۆ سه‌ردانی.
ئه‌و شه‌وه‌ی لای به‌هێز له شوققه زوگورتیانهكهی ماینه‌وه من و نه‌هله ته‌ختی نووستن و ژوورێكمان به‌ركه‌وت، برهان سابیر و ئازاد مه‌ولوود و نامیق و به‌هێزیش له ژوورێكی تر.
هه‌ندێكجار دیمه‌نێكی كورت، یان هه‌ڵوێستێك كه‌سایه‌تی براده‌رێكی خۆت نیشان ده‌دا كه ماوه‌ی زۆری براده‌رایه‌تی هه‌ستت پێ نه‌كردووه. ئه‌و شه‌وه‌ی كه گه‌یشتینه لای به‌هێز هه‌ستم كرد ئه‌وانه باوك و كوڕ نین به‌ڵكو شێخ و سۆفین، سهرسڕمانیش له‌وه‌دایه كوڕ شێخە و باوكەکە سۆفی! جوانییه سهرسڕهێنهكه لەوەدا بوو.
به‌هێز هونه‌رمه‌ندێكی توانایه و چۆته‌وه سه‌ر ڕێچكه‌ی نامیق به شێوازی تایبه‌تی خۆی و تابلۆكانی ئه‌وكات ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سروشتی هۆڵه‌ندا بوون و، ڕووبه‌ری ڕه‌نگ به‌سه‌ر هێڵ و شێوه‌كاندا زاڵ بوو. له دوا پێشانگه‌ی ‘نامیق’ـدا، به‌هێزم دیته‌وه بە دیار تابلۆكانی باوكیەوە وه‌ستابوو، دیمه‌نه‌كه ئه‌مجاره‌یان پێچه‌وانه بووبووه‌وه، كوڕ له حزووری باوكی‌دا.
گه‌مه‌كردن به یاده‌وه‌ری، كارێكی ئاسان نییه به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست نۆستالژیای پەتی نه‌بێت و مه‌به‌ست خوڵقاندنی هونه‌رێكی به‌رز بێت. ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ی گۆزه‌كه‌ی ‘خه‌یام’ـمان دێنێته‌وه یاد له دروستكردندا، كه ئێسكوپرووسكی پێشهخۆمانی تێدا بووه به ئارد! نامیق، خهیامئاسا گۆزه‌ی هونه‌ری له قه‌ڵات دروست ده‌كات، گۆزه‌ی سه‌رده‌می بێده‌نگیی کۆرۆنا و هیوای ته‌م لێنیشتووی شارێك كه گه‌مه به چاره‌نووسی خۆی ده‌كات، له‌ناو شه‌پۆلی ڕۆژگار و نه‌هامه‌تی ده‌ست كاره‌ساته‌كان. ته‌مه‌نی قه‌ڵات چه‌ندین سه‌ده‌ی غه‌ریبی و بیرچوونه‌وه‌یه، فڵچه‌ی هونه‌رمه‌ندێك دێ و به جورئه‌ته‌وه ئه‌و غه‌ریبی و بیرچوونه‌وه‌یه سه‌رڕێژ ده‌كات له هه‌وری ڕه‌نگین و له خه‌یاڵی به‌هه‌ڕمێنی هونه‌ردا و ده‌یهێنێته‌وه ناو ڕووداوه‌كانی ڕۆژ و ده‌یسه‌لمێنێ كه ئه‌و پیره كۆماوه به‌دبه‌خته ده‌رمانی حه‌فت ده‌ردی شاردۆته‌وه له چینچینی خۆڵ و بارستایی مێژووی خۆیدا. قه‌ڵایه‌ك نه‌ك هه‌ر به‌شێكه له یاده‌وه‌ریی به‌ڵكو ئایكۆنی ته‌مه‌نی منداڵی و گه‌نجی و پیریشمانه. شایه‌تحاڵی مانه‌وه‌ی بێده‌نگ ده‌ڕژێته ناو ڕه‌نگه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێ، من ته‌نیا زێوانی مردووتان نیم، پاسه‌وانی زیندووهكانیشتانم، سوپاس بۆ هونه‌ری باڵا به‌قه‌ت به‌رزی قه‌ڵات و كه‌مێك هه‌ورازتریش! ئه‌وانه‌ی ڕۆژانه له ده‌وری قه‌ڵات ده‌سووڕێنه‌وه مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه له ده‌وری بسووڕێن! ئه‌گه‌ر هه‌ستیش به قوربانیی خۆیان نه‌كه‌ن؛ ئه‌وه نییه كه دێته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بڵێن، خه‌ڵكی كوێن؟ شایه‌تی به قه‌ڵات ده‌ده‌ن، گۆیه شانازییه. جا كێ شانازیی بكا؟ مه‌گه‌ر نامیق و ئیبنومستۆفی ئه‌ویش نه‌یتوانی تاسه‌ر ئێشكگر بێت، شوێنی خۆی چۆڵ كرد بۆ نامیق!
قه‌ڵات له دووره‌وه وه‌ك خاڵێك دیاره ئه‌مما زەق (بۆڵد) نووسرابێ، تیر (تۆخ) وه‌ك ده‌نكی شووتی له خوێنی ڕۆڵه‌كانیدا، وه‌كی دی دوور نییه، هه‌ر هێنده‌ی هه‌ناسه دووره له سیپەلاک و هێنده‌ی خورپه دووره له دڵ، سه‌ت حه‌یف و مخابن كه‌سمان قه‌درمان نه‌زانی وه‌ك نامیق بیكه‌ین به كه‌شتی بۆ په‌ڕینه‌وه.
به‌بیرم دێ خالید جووتیار نووسیبووی هه‌ولێر له غێمێ! مه‌به‌ستی سیاسی له‌پشت ئه‌و ڕسته‌یه‌ی نه‌بوو هێنده‌ی لاواندنه‌وه‌ی خۆی بوو. ‘فه‌رهاد پیرباڵ’ـیش ئه‌گه‌ر یاده‌وه‌ریم خیانه‌تم لێ نه‌كا له فەرەنساوه په‌نجه‌ی بۆ خاڵێك درێژكردبوو له دوورەوە، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێ، ئه‌وه قه‌ڵاته، یان ڕاستتر ئه‌وه‌یه بڵێ، ئه‌مه منم! له‌سه‌ر ڕووبه‌ری سپی دیارم.
هه‌موومان قه‌رزاری قه‌ڵاتین، هه‌یه به فرمێسك قهرزهكهی ده‌داته‌وه هەیشە به گۆرانی و قۆڕیات و هه‌شه به ڕه‌نگ و وشه، به‌ڵام ده‌بێ وریا بین له‌وه‌ی كه‌لاوه نهلاوێنینهوه، به سه‌لیقه و خه‌یاڵی نوێ بیهێڵینه‌وه.
ده‌بوو ئه‌م نووسینه پێشتر بنووسم به‌ڵام دڵم نه‌ده‌هات ڕاگوزه‌ر به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو جوانییه‌ی تابلۆكانی ‘نامیق’ـدا تێپه‌ڕم، له دڵی خۆمدا ده‌موت، ئه‌و شه‌رابه تا كۆنتر بێت تامی خۆشتر ده‌گرێت. ئێستا كه پێویستم به تامی هونه‌ر و مه‌ستیی هونه‌ره سه‌ری شه‌رابم هه‌ڵدایه‌وه، به یادی هه‌موو شكۆمه‌ندیی هونه‌ر، نۆش!