دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەنگاوەکەی حکوومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار خەریکە شکست دەهێنێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەهای ١٠٠ دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دوای ڕێکارەکانی حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندیی تەنیا بۆ ماوەیەک بۆ خوار ١٥٠٠٠٠ دینار دابەزی و ماوەیەکیش هەر لەو ئاستەدا جێگیر بوو، بەڵام زیاتر لە هەفتەیەکە دووبارە ڕووی لە هەڵکشان کردۆتەوە و ئەوەش دەری دەخات ئەوە پینەوپەڕۆیەکی کاتیی بووە و حکوومەتی عێراق لەم هەنگاوەیدا خەریکە شکست دەهێنێت.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە نرخی هه‌ر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر دینار بەرز بووەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ نرخی دینار دابەزی و لە سەرەتای مانگی شوبات گەیشتە لووتکە و لە بازاڕەکانی کوردستان و عێراق نرخی ١٠٠ دۆلار، گەیشتە ١٧٧٠٠٠. دابەزینی بەهای دینار کاریگەریی خراپی خستە سەر بازاڕەکان و بووە هۆی بەرزکردنەوەی بەرچاوی نرخی شتومەک .
لە حەوتی شوباتی ئەمساڵ، حكوومه‌تی عێراق بە هاوئاهه‌نگی بانكی ناوه‌ندی نرخی ١٠٠ دۆلاری لە بودجەدا بە ١٣٠٠٠٠ هه‌زار دینار دەستینشان کرد و بڕیاریش درا بانکی ناوەندی بە ١٣٢٠٠٠ دینار بە بانکەکانی بفرۆشێت کە بووه‌ مایه‌ی دڵخۆشیی هاووڵاتییان و كاسبكاران.
حکوومەت جگە لەو چەند بانکەی دەستنیشانی کردوون، لە فڕۆکەخانەکانیش بە نرخی بانکی ناوەندی دۆلار دەفرۆشێت، بەڵام ئەم ڕێکارە نەیتوانی دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە و تەنانەت دەرگای گەندەڵیی و سپیکردنەوەی پارەی زیاتر کرد.
هەرچەندە ئەو کات بڕیارەکە هەناسەیەکی بە بازاڕەکان دا بەڵام کاریگەرییەکانی کاتیی بوو. لە هەفتەی یەکەمدا تەنیا ئەو بۆ ماوەی چەند سەعاتێک بەهای ١٠٠ دۆلار بۆ ١٤٥٠٠٠ دینار دابەزی و دواتر دووبارە گەڕایەوە سەرووی ١٥٠٠٠٠ دینار .
لەهەفتەی کۆتایی مانگی شوباتەوە نرخەکەی زیاتر هەڵکشا و بەرەو ١٥٤ هەزار دینار رۆیشت و لە سەرەتای مانگی ئاداریشەوە دینار زیاتر شکاوە و لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لە ئێوارەی شەشی ئادار، بە ١٥٨٠٠٠ دینار دەفرۆشرێت.
نرخەکانی بانکی ناوەندی و نرخی بازاڕ ئەوە دەسەلمێنن کە جیاوازی نێوان نرخی بانکی ناوەندی و نرخی بازاڕ ٢٦٠٠٠ دینارە کە جیاوازییەکی زۆرە لە کاتێکدا دەبێت جیاوازییەکە دوو تا سێ هەزار دینار بێت. پێش ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق بڕیار بدا بەهای فرۆشتنی ١٠٠ دۆلار بۆ ١٣٢٠٠٠ دابەزێنێت، جیاوازیی نرخی بازاڕ و بانکی ناوەندی ٢٠٠٠٠تا ٢٥٠٠٠ بوو، چونکە بە ١٤٦٠٠٠ دەیفرۆشت و لە بازاڕەکان بە نزیکەی ١٧٠٠٠٠ دەفرۆشرا. بەو پێیە کێشەکە چارە نەبووە و گەڕاوەتەوە خاڵی سفر.
كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عێراق ئه‌وه‌ نه‌بوو بانكی ناوه‌ندی به‌ چ نرخێک دۆلار ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌بوو ئه‌و دۆلاره‌ی ده‌یخسته‌ بازاڕه‌وه‌، چاودێریی له‌سه‌ر نه‌بوو و بۆ وڵاتانی تر ده‌گوازرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكای نیگه‌ران كردبوو، بۆیه‌ش داوای گرتنه‌به‌ری ڕێكاری توندی له‌ به‌رپرسانی عێراق كردبوو.
هەنگاوەکە، دەبوایە دوای ئه‌وه‌ گیرابایه‌به‌ر كه‌ كێشه‌ی بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی دۆلار چاره‌ ده‌كرا. هەر ئەو کات گومانی ئەوە کرا کە بڕیارەکە سیاسی بێت، چونکە گوشارێكی زۆری سیاسی و جه‌ماوه‌ریی له‌سه‌ر حکوومەتی عێراق هەبوو و ته‌نانه‌ت پێشبینی ده‌كرا خۆپێشاندان ڕوو بدات و حکوومەتی عێراق پێی باش بووە لەسەر گیرفانی خۆی دۆخی بازاڕ بۆ ماوەیەک ئاسایی بکاتەوە، بەڵام ئاساییکردنەوەکە کورتخایەن بوو و دووبارە نائاسایی بۆتەوە و بەو ڕەوتەی دینار بەرانبەر دۆلار گرتوویەتە بەر چاوەڕوان دەکرێ بۆ سەرووی ١٦٠٠٠٠ دینار بەرز ببێتەوە.
پرسی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بابەتێک نییە تەنیا لەژێر کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیی عێراقدا بێت بەڵکو سیستمەکە بە بانکی ناوەندیی ئەمەریکا گرێ دراوە . ئەو دۆلارەی لە ماوەی ڕابردوودا بانکی ناوەندی خستوویەتە بازاڕەوە نەیتوانیوە پێداویستییەکانی بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان بە دۆلار پڕ بکاتەوە و هێشتا دەرگاکان بۆ بردنە دەرەوەی دۆلار دانەخراون.
حکوومەتی عێراق تەنانەت ڕێچکەیەکی تری گرتووەتە بەر و دەخوازێت بەشێک لە مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ چین، بە یووان بکات و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بانکی جی پی مۆرگان گرێبەستێک مۆر کراوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆربەی داهاتی عێراق نەوتە و نەوتەکەش بە دۆلار دەفرۆشرێت رەنگە ئەو ڕێگەچارەیەش نەتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات.
تەنانەت ئەگەر نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی بۆ ١١٨٠٠٠ ی ساڵان دابەزێت هێشتا ناتوانێ سەقامگیری بە بەهای دینار بدات تا ئەو کاتەی دەرگاکانی چوونەدەرەوەی دۆلار و سپیکردنەوەی پارە بە تەواوی دانەخرێت و ڕێز لە سزا داراییەکان و مەرجەکانی ئەمەریکا نەگیرێت.