ئارام كۆشكی – سلێمانی
پڕۆژەی فەلسەفە بۆ منداڵان، پڕۆژەیەکی فەلسەفی نووسەر و وەرگێڕ کەریم مستەفایە، کە ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵییەتی و بە چەندین کتێب و بەرهەمی جۆراوجۆر دەوڵەمەندی کردووە. لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە چوارچێوەی پرۆژەی “فەلسەفە بۆ نەوجەوانان”دا ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چوار کتێبی لە نووسین و وەرگێڕان لە چوارچێوەی هەمان پڕۆژەدا بۆ کەریم مستەفا چاپ و بڵاوکردووەتەوە کە نوێترین کتێبیان بەناوی “فەلسەفە چییە؟” لە مانگی ڕابردوودا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. چ پرۆژەکەی ئەم نووسەرە و چ پرۆژەکەی ناوەندی ڕەهەند، کە تا هەنووکە شەش کتێبی لێ چاپ و بڵاوکراوەتەوە لەو خاڵەدا یەک دەگرنەوە کە دەیانەوێت فەلسەفە بە زمانێکی سادە بگاتە نەوجەوانانی کورد و لەوێوە بیرکردنەوە و تێڕامان لە هزری نەوجەواناندا بخەمڵێت.
فەلسەفە چییە؟ کتێبێکی زنجیرەی فەلسەفە بۆ نەوجەوانانە و لە نووسینی کەریم مستەفایە لە دوتوێی “198” لاپەڕەدا لە ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکە دەخوازێت وەڵامی پرسیاری فەلسەفە چییە؟ بداتەوە، کە پرسیارێکە لەگەڵ سەردەمی هۆشمەندی مرۆڤ و لە دایکبوونی فەلسەفەدا ئەم پرسیارەش سەری هەڵداوە. هاوکات بەپێی سەردەمەکان پرسیارەکە بەردەوام نوێبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و هەر بیرمەندە و بە دیدی خۆی هەوڵی وەڵامدانەوەی داوە.
نووسەر لە پیشەکی ئەم کتێبەدا سەبارەت بە پرسیاری فەلسەفە چییە؟ ئەوە دەخاتەڕوو کە “پرسیارێکی سادەیە، بەڵام وەڵامدانەوەی ئاسان نییە! چونکە پرسیارێکە دەربارەی بابەتێک، کە نزیکەی سێ هەزار ساڵە ئەندێشە و هزری مرۆڤی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.” دواتریش ئەوە دەخاتەڕوو کە “فەلسەفە بوارێکە مرۆڤ دەتوانێت لە میانەیەوە، لە: بوون، جیهان، زانین، ئاکار و ڕەوشت، ئاوەز، بەها، زمان و جوانی بکۆڵێتەوە و توانایی ڕەخنەگرانەی خۆی لەو بوارانەدا بەئاستێکی بەرز بگەێنێت.” سەبارەت بە چییەتی فەلسەفەش دەنووسێت “فەلسەفە چالاکییەکی هزرییە، مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە خودی خۆی و پەیوەندی ئەو لەتەک جیهان و ئەو مرۆڤگەلەی لەتەکیاندا دەژی، وەک دەستکەلایەک بەکاردێنێت. فەلسەفە نە ئایدۆلۆجیا، نە ئیمان، نە حەزە، بەڵکو ڕامانی ڕەخنەگرانەیە لەهەمبەر هزرکردن و پرسیاردا.”
ئەم کتێبە لە پرسیاری فەلسەفە چییەوە دەپەڕێتەوە بۆ چییەتی فەلسەفە و هاوکات بابەتگەلی فەلسەفی و دواتریش واژەی فەلسەفە و چەمکی “فەیلەسوف”. هەر لە وێشەوە دەپەڕێتەوە بۆ پێکهاتەکانی فەلسەفە، یان ئەو بابەتانەی کە فەلسەفە دەخوازێت لێیان بکۆڵێتەوە وەکو “مێتافیزیک، ئێپستمۆلۆجی، ئێتیک مۆراڵ، لۆجیک، لۆجیکی فەلسەفی، ئەێستاتیک، فەلسەفەی هونەر”.
لە دواتردا نووسەر دەپەڕێتەوە بۆ لقەکانی فەلسەفە و هاوکات جۆرەکانی فەلسەفە و ڕاڤەی فەلسەفی و دواتریش پرسیارێکی سەختتر لە پرسیاری فەلسەفە چییە دەخاتەڕوو کە پرسیاری “فەلسەفە لەچی دەکۆڵێتەوەیە؟”.
ئەوەی لەم کتێبەدا سەرنجڕاکێشە سادەیی زمانەکەیەتی، کە نەبووەتە هۆی ئەوەی بابەتەکە بەرەو سادەییەکی ڕووکەش و هیچ نەگوتن ببات، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند سەرچاوەیەکم لەسەر ئەم بابەتە خوێندەوە کە بەشی هەرە زۆریان ڕووکەشێک، یان توێژاڵێکی تەنک بوون لە ناساندنی فەلسەفە. بەڵام خۆشبەختانە ئەم هەوڵەی کەریم مستەفا، دەتوانم بڵێم هەوڵێکە لەگەڵ ئەوەی ڕەچاوی سادەیی کراوە لەبەر ئەوەی بۆ نەوجەوانانە هاوکات نووسەر دەستبەرداری ئەوە نەبووە کە بەرەو ڕووکەشگەرایی بڕوات. بەڵکو ئایدیاکانی نێو کتێبەکە سەنگینی خۆیان پاراستووە.
دەستخۆشی بۆ ئەم جۆرە هەوڵانە و بەهیوای بەردەوامییان، چونکە دەشێ ببنە دەروازەیەک بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی بیرکەرەوە و پرسیارکەر.