بڕوانە ئاسمانەکاندا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ڕەخنەی فیلم لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە

ئەگەرچی سینەما بە هونەری حەوتەم دادەنرێت، بەڵام لەم سەردەمەدا دەتوانین بە “هونەرە کاریگەرەکە” ناوی بەرین و یەکێکە لە کاریگەرترین ئەو چەکانەی دەتوانرێت لە هەموو جێگەیەک ئاسەواری خۆی جێ بهێڵێت. سینەما بەتەنها دروستکردنی وێنەی جووڵاو نییە، بەڵکو دەشێ پەیامی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی لەخۆ بگرێت. بەبێ ئەو ژمارە زۆرەی فیلم کە سەبارەت بە ڕووداوی هۆلۆکۆست بەرهەم هێنراون ئەو کارەساتە هێندە نەدەناسرا. ئەمە بێجگە لە ناسینەکەی وێنەکان و تراژیدیاکانی لە هزری نەوە دوای نەوەدا دەچەسپێت. سینەما لە هونەرە گرنگەکانە و یەکێکیشە لەو هونەرانەی زۆر حەزی پێ دەکەم و بەپێی دەرفەت مانگانە چەند فیلمێک سەیر دەکەم، بەڵام ئەم حەزە بە تەنها لە سەیرکردنی فیلمدا کۆتایی نایەت بەڵکو حەزم لەو کتیبانەشە کە لەبارەی فیلمەوەن یان شرۆڤەی دەکەن و بۆ ئەمەش ناوە ناوە خوێنەری یەکێک لەو کتێبانەم.

یەکێک لەو کتێبانەی هەفتەی پێشوو سەرنجی ڕاکێشام کتێبی “بڕوانە ئاسمانەکان”ـی حیسام ئەمیری بوو، کە ڕاڤین کامەران کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە دووتوێی 293 لاپەڕەدا بەچاپی گەیاندووە. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و شرۆڤەکردن و ڕەخنەکردنی کۆمەڵێک فیلمی سینەمایی ئێرانی، کەلە فیلمە بەناوبانگەکانی سینەمای ئەو وڵاتەن.
حیسام بە دیدێکی ورد و ڕەخنەگرانەوە وتارەکانی نووسیوە، هەر بۆیە وەرگێڕ لە پێشەکییەکەدا ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەم ڕەخنانەن جۆرێکی دیکەی ڕەخنەی سینەمایین. ئەو لە درێژەدا دەنووسێت: “بەگشــتی لــە مێــژووی ڕەخنــەی ســینەمایی و “تەنانــەت ئەدەبیش”ـــدا دەســتپێکی نووســینی ڕەخنــە زۆرجــار بــە کۆمەڵێــک کڵێشــەوە دەســت پــێ دەکات؛ زۆرێــک بــە کۆمەڵێــک تیۆریــی پێشــوەختە فۆرمولەکــراو، هەندێــک لــە بەســتێنێکی مێژوویی-سیاســی-کۆمەڵایەتیی هەلومەرجــی فیلــم و ڕۆمانەکــە و هەندێکــی دیکــەش بــە گێڕانــەوەی پڵــۆت و دیاریکردنــی هێڵــی گێڕانـەوەی فیلمەکـە دەسـت پـێ دەکـەن.” دواتر ئەوەش دەخاتەڕوو کە “ڕەخنەگـرە گـەورەکان ئەوانـەن کـە لــەم کڵێشــانە لادەدەن، فیلــم و ڕۆمانــە خراپەکانیــش ئەوانــەن هیــچ کام لــەم کڵێشـانە ڕزگاری ناکـەن.” لە بارەی کتێبەکەشەوە ئەوە دەخاتەڕوو کە “ئـەو نووسـین و وتارانـەی سـەبارەت بــە فیلمــەکان دەنووســرێن و بــە کۆمەڵێــک تیــۆری و ســەرچاوە دەســت پـێ دەکـەن، ئــەوان نــەک بەتەنیــا بــە تیۆرییەکانیـان ناتوانــن فیلمەکــە ڕزگار بکــەن، بەڵکــوو بــە جۆرێــک لــە جۆرەکانیــش تیــۆری لــە تیۆریــزە دادەماڵــن.
ســێرژ دانــێ دەربــارەی ئــەو ڕەخنەگــرە ســینەماییانەی بــە کۆمەڵێــک فۆرمولـەی ئامادەکـراوەوە وتـار دەنووسـن گوتبـووی “ئـەوان پێویسـتیان بـە تەماشـاکردنی فیلـم و سـینەما نییـە، نووسـینەکان بەجۆرێـک حازربەدەسـتن و ئامادەکــراون دەڵێیــت فیلمەکەیــان نەبینیــوە و دەکرێــت دەربــارەی هــەر فیلمێکــی دیکــە بنووســرێت”. هەر بۆیە وتارەکانی ئەم کتێبە کڵێشەی ئامادەکراو نین، بەڵکو بە دیدێکی ڕەخنەیی و لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە سەیری فیلمەکان کراوە و لێی وردبووەتەوە.
ئەم هەوڵە لەپاڵ هەوڵەکانی دیکەی نووسەر و وەرگێڕکارانی ئەم بوارەدا دەتوانێت خزمەتێکی زۆر بە کتێبخانەی کوردی بکات، چونکە دەمێکە جێگەی ئەم جۆرە کتێبانە لە کتێبخانەی کوردیدا بەتاڵە. دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ، کە بە وردەکارییەکی زۆرەوە هەوڵی گەیاندنی پەیامەکانی نووسەری داوە.