نرخی نەوت لە دوایین ساتەکانی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی 1 دۆلار بەرزبووەوە، بەوپێیەش هەفتەی رابردووی بە بەرزبوونەوە کۆتایی پێهێنا. هاوکات نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1855 دۆلار بەرزبووەوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئەو پێشبینییانە دەگەڕێتەوە کە لەسەر بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن چینەوە دەکرێن.
نرخی نەوتی برێنت 1 دۆلار و 3 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 52 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخەکانی نەوت بەیانیی رۆژی هەینی بە بڕی 2 دۆلار دابەزی بوون، لەبەر بڵاوبوونەوەی هەندێک هەواڵ کە گوایە ئیمارات بڕیاریداوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە رێکخراوی ئۆپێک دەربچێت، بەڵام ئەو هەواڵە لەلایەن بەرپرسانی ئیماراتەوە رەتکرایەوە و بەوپێیەش نرخی نەوت ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر.
مات سمیس، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری کێپلەر رایگەیاند، “بڵاوبوونەوەی هەوڵی ناڕاستی پەیوەست بە دەرچوونی ئیمارات لە ئۆپێک نرخی نەوتی دابەزاند، بەڵام دوای ئاشکرابوونی ناڕاستیی هەواڵەکە نرخی نەوت بە خێرایی بەرزبووەتەوە.”
ئەو شرۆڤەکارە رایگەیاند، حکومەتی چین دایناوە کە ئەمساڵ ئابوورییەکەی بە رێژەی 6٪ گەشە پێبدات و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن ئەو وڵاتەوە.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1855 دۆلار بەرزبووەوە
نرخی زێڕ رۆژی هەینی بەهۆی لێدوانی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و هەر ئۆنسەیەک لە 1835 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 1855 دۆلار.
رافایل بۆستیک، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی ئاتلانتا رایگەیاند کە پێداگری لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ دەکات لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکەکە. ئەمە لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لە ئەمریکا بانکی ناوەندیی ئەمریکا زیاتر لەو رێژەیە سوودی بانکی بەزربکاتەوە.
لێدوانەکانی ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەس بوو بۆ ئەوەی کە نرخی زێڕ لە رۆژی هەینی هێندە بەرزبکاتەوە کە بگاتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی 5 هەفتەی رابردوودا.
تاوەکو پێش لێدوانی رافایل بۆستیک، زۆربەی بازرگانانی زێڕ خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.5٪ ئامادەکردبوو، لەبەر ئەوەش نرخی زێڕ لە ئاستێکی نزمدا مامەڵەی پێوەدەکرا.