بەهای دیناری عێراقی جارێکی دیکە دابەزی و 100 دۆلاری ئەمریکی بە 157 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت؛ هەروەها 100 دۆلار بە 5 ملیۆن و 600 هەزار تمەنی ئێرانی مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی چوارشەممە 1ـی ئاداری 2023 کاژێر 10:50ـی بەیانی، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “بەهای 100 دۆلار 157 هەزار دینارە؛ هەروەها 100 دۆلار بەرامبەرە بە 5 ملیۆن و 600 هەزار تمەن.”
دوێنێ سێشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 233 ملیۆن دۆلار بە بەهای هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار خستەڕوو. حاجی سابیر دەڵێت: “تەنیا ژمارەیە و پارەکە بە کاش و حەواڵە نایەتە نێو بازاڕ، چونکە هەمووی رێکاری هەیە و پسووڵەی دەوێت بۆ ئەو کەسانەی وەری دەگرن، لەبەر ئەوەشە هەرچەند بخاتە بازاڕەوە بەهای دینار بەرز ناکاتەوە.”
عێراق چەندین رێکاری بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار گرتووەتەبەر، هاوکات فرۆشتنی دۆلاری مەرجدار کردووە، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرزبکاتەوە.
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دابەزینی بەرچاوی بەهای دیناری عێراقی، رۆژی 07-02-2023 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بە شێوەیەک 100 دۆلار دەبێتە 130 هەزار دینار.”
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدا بوو، بەهای 100 دۆلار لەنێوان 170 بۆ 175 هەزار دینار بوو، دوای بڕیارەکەش بەهای دینار بەرز بووەوە، بەڵام بەرزبوونەوەکە لە ئاست خواست و پێشبینییەکانی حکومەت نەبوو کە دەیویست 100 دۆلار بە 132 بۆ 133 هەزار دینار بگاتە دەستی هاووڵاتییان.