دیده‌نى تایبه‌تبۆ مه‌رگى فه‌رید زامدار

دڵشاد عەبدوڵڵا

به‌پشتى مه‌كوكێكه‌وه‌ گه‌یشتمه‌ ئۆلیمپۆس
بێ ئه‌وه‌ى خۆم بۆ سه‌فه‌رى وه‌ها ئاماده‌كرد بێ،
یان پڕۆژه‌یه‌ك له‌ ئارادا بێ، جگه‌ له‌ نائومێدیى
دواى ئه‌وه‌ى گریان و پێكه‌نینه‌كانم جێگایان نه‌بووه‌وه‌ له‌ناو ڕۆژه‌كان
وه‌ك كرده‌وه‌ى بێده‌سه‌ڵات ته‌ماشایان ده‌كرد
من شه‌رمم له‌ خۆم و له‌ ڕۆژه‌كان ده‌كرد!
كه‌ گه‌یشتمه‌ به‌رده‌مى زیۆس، دواى سڵاو و خۆ ناساندن
ئه‌ویش كه‌وته‌ سكاڵا!
دڵساردى به‌ قسه‌كانییه‌وه‌ دیار بوو، كاتێك وتى:
ئه‌و خانووه‌ خۆڵه‌مێشییانه‌ى ده‌یانبینى به‌سه‌ر به‌رزاییه‌‌وه‌
چرای كزیان چین چین تاریكى له‌سه‌ر نیشتووه‌
شوێن حه‌وانه‌وه‌ى فریشته‌كانن، به‌ درێژایى شه‌و نووستوون
كێ پاسه‌وانى ئه‌و شار و مه‌مله‌كه‌ته‌یه‌؟
منیش به‌و پیرییه‌! نه‌ تواناى جه‌نگى تیتانه‌كان-م هه‌یه‌،
نه‌ چه‌خماخه‌م بۆ ڕاده‌وه‌شێنرێ
شه‌و و ڕۆژ به‌ نكتار خوارنه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌به‌م تا ئه‌و په‌ڕى مه‌ستیى.
وه‌ك دارتاشێك له‌ دووكانێكى لا كۆڵان
خۆم به‌و داره‌ ڕزیوانه‌ خه‌ریك كردووه‌، كه‌ بۆ تابووت نه‌بێ
بۆ هیچ شتێكى تر ناشێن.
ئه‌و دنیایه‌ بۆ ئه‌وه‌ دروست نه‌بووه‌ بخرێته‌ تابووته‌وه‌.
بگه‌ڕێوه‌ ڕۆڵه‌!
شه‌كواى خۆت ببه‌ لاى پیاڵه‌
دڵگیر مه‌به‌ له‌ ڕۆژه‌كان، پێكى خۆتیان لێ پڕ بكه‌
و مه‌ست به‌!


تیتان : به‌ گوێره‌ى میسۆلۆژیاى گریك جۆرێكه‌ له‌ خواوه‌ندى به‌هێز كه‌ حووكمى سه‌ر زه‌وى ده‌كه‌ن.
نكتار: شه‌رابى خواوه‌ند