نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە رۆژی هەینیدا بەرزبووەوە. لە ئاستی هەفتانەشدا نرخەکانی نەوت لە کۆتایی مامەڵەکانی هەفتەدا گەڕانەوە سەر ئاستی سەرەتای هەفتە. هاوکات نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ 1811 دۆلار. هەروەها بەهای یۆرۆ دابەزی بۆ 1.05 دۆلار.

هەر بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور؛ رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕدا، 95 سەنت بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 93 سەنت بەرزبووەوە بۆ 76 دۆلار و 32 سەنت.

کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا لە رۆژی هەینی بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵام بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بووە هۆکارێکی پێچەوانە و رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان کرد.

نرخی نەوت رۆژی پێنجشەممە بەهۆی بڕیاری رووسیا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرە ئەوروپییەکان بە رێژەی 0.25٪ بۆ 2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیبوو.

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ 1811 دۆلار

رۆژی هەینی نرخی نەوت دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 8 هەفتەی رابردوودا. دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی یەکدا کە تیایدا دەرکەوت رێژەی هەڵاوسان و نرخەکانی بەکاربەر بەردەوام بوون لە بەرزبوونەوە، بەهای دۆلار بەرزبووەوە بەوهۆیەشەوە نرخی زێڕ دابەزینی گەورەی بەخۆیەوە بینی.

نرخی هەر ئۆنسە زێڕ لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکان بە رێژەی 0.62 ٪ دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1811 دۆلار مامەڵەی پیوەکرا.

نرخی هەر ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی چواردا بە رێژەی 0.48٪ دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1818 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. 

ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەوبارەیەوە رایگەیاند، “بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا بوونەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.”

مۆیا دەڵێت، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، نرخی زێڕی داڕماندووە.

بەهای یۆرۆ دابەزی بۆ 1.05 دۆلار

بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا و بەردەوامیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەراورد بە دراوەکانی دیکەی جیهان بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا.

لە بازاڕی جیهانیی ئاڵوگۆڕی دراو کە بە فۆرێکس ناسراوە بەهای پێنوێنیی دۆلار لە دوایین ساتی مامەڵەکان لە رۆژی هەینیدا بە رێژەی 0.66٪ بەرزبووەوە بۆ 105.26 کە بەرزترین ئاستیەتی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا.

پێنوێنیی دۆلار، بەهای دۆلار بەراورد بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان؛ یۆرۆ، پاوەند، دۆلاری کەنەدی، یەنی ژاپۆن، فرانکی سویسری و کرۆنی سویدی دیاری دەکات.

بەهۆی بەرزبوونەوەی پێنوێنیی دۆلار، بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار 1.05 دۆلار دابەزی. بەپێی بانکی ( مۆف جی) کە گەورەترین بانکی ژاپۆنە، ئەگەری دابەزینی زیاتری بەهای یۆر لە ئارادایە و بە دووری نازانێت بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار دابەزێت بۆ ئاستی 1.03 دۆلار.

ئەو بانکە لە شرۆڤەیەکیدا بۆ بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار دەڵێت، دوای شکانی ئاستی 1.06؛ رێگە خۆش بووە بۆ دابەزینی زیاتری یۆرۆ بۆ نزیکەی 1.03 دۆلار.

سەبارەت بە بەهای پاوندی بەریتانی بەراورد بە دۆلار، بە هەمان شێواز دوای شکانی ئاستی 1.12 و دابەزینی بۆ 1.19 دۆلار، پێشبینی دەکرێت زیاتر دابەزێت 1.18 دۆلار.