نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە

رۆژی هەینی و لە دوایین رۆژی مامەڵەکاندا نرخی نەوت درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی پێنجشەممە دا و بەرمیلێک نەوتی برێنت بە نزیکەی 83 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. نرخی زێڕیش بەرزبووەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 24-2-2023 نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا نزیکەی دوو دۆلار، یاخود 2٪ بەرزبووەوە؛ ئەمڕۆش نرخی نەوتی برێنت 75 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 82 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 51 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 75 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە هات رۆژی پێنجشەممە سێ سەرچاوەی رووسی رایانگەیاند، رووسیا بەنیازە لە مانگی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 25٪ کەمبکاتەوە، ئەوەش زیاترە لە 5٪ کە سەرەتا بڕیاری لەبارەوە دابوو.

بەپێی سێ سەرچاوە لە بازاڕی نەوتی رووسیا، بڕیارەکە تەنیا بۆ مانگی ئازار جێبەجێدەکرێت و وەکو کاردانەوەیەکە لە بەرامبەر دیاریکردنی نرخی نەوت و قەدەخەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا لە لایەن یەکێتیی ئەوروپاوە.

ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا پێشتر رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە بەرامبەر رێکارەکانی رۆژئاوا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا کەمدەکاتەوە کە دەیکردە 5٪ـی کۆی بەرهەمی نەوتیی ئەو وڵاتە و 0.5٪ـی بەرهەمی نەوتیی جیهانیش.

بەو پێیە، کەمکردنەوەی 25٪ـی بەرهەمی نەوتی رووسیا یەکسانە بە نزیکەی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کە دەکاتە نزیکەی 2.5٪ـی خواستی رۆژانە جیهان لەسەر نەوت.

یاپ ژون رۆنگ، ستراتیژیناسی بازاڕ لە کۆمپانیای IG دەڵێت، “زیادبوونی نەوتی کۆگاکانی ئەمریکا بە ئاستێکی زیاتر لە پێشبینییەکان ئاستەنگ لە بەردەم ئاسۆی خواستی نەوت دروستدەکات، بەڵام پێشبینیی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە رووسیا کاریگەریی پێچەوانەی هەبوو.”

بەپێی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو ئاستی نەوتی کۆگاکانی ئەمریکا بە بڕی 7.6 ملیۆن بەرمیل زیادبووە و گەیشتووەتە 479 ملیۆن بەرمیل، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە دوای مانگی 5ـی ساڵی 2021.

نرخی زێڕ بەرزبووەوە

نرخی زێڕ لە دوایین رۆژی مامەڵەکاندا نزیکەی سێ دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام نزیکە لەوەی بۆ چوارەم هەفتەی لەسەریەک بە دابەزین کۆتایی بە مامەڵەکان بهێنێت.

رۆژی هەینی لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا نرخی زێڕ 2.49 دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1825 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا پێشبینییەکانی بۆ گەشەی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئەمریکا لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوودا لە 2.9٪ـەوە بۆ 2.7٪ دابەزاند، ئەوەش هیوای بۆ بازرگانان دروستکردووە کە بانکی ناوەندی بە ئاستێکی کەمتر لە جاران نرخی سوودی بانکی زیادبکات.

پێشبینی دەکرێت پێوەرەکانی نرخی خەرجییەکانی بەکاربردنی تاکەکەسی کە لەم هەفتەیەدا بڵاودەکرێتەوە، بەرزببێتەوە، ئەوەش دووپاتی دەکاتەوە لە مانگی رابردوودا نرخەکان بەرزبوونەتەوە، بۆیە رەنگە هانی بانکی ناوەندی بدات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە زیادکردنی نرخی سوودی بانکی، ئەمەش ئاماژەیەکی خراپ دەبێت بۆ نرخی زێڕ.

لەم هەفتەیەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گوتاریان داوە و ئاماژەی بەردەوامبوون لەسەر زیادکردنی نرخی سوودی بانکییان بەدەستەوە داوە، بەشێکیشیان داوای زیادکردنی نرخی سوودی بانکی بە ئاستێکی زیاتر لە چاوەڕوانییەکان لە مانگەکانی داهاتوودا دەکەن، بەڵام بازاڕەکان تائێستا دڵنیا نین لەوەی کە نرخی سوودی بانکی لە کوێدا دەگاتە لووتکە. ئەوەش بووەتە هۆی سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی کانزاکان و، بازرگانان ترسیان لە نرخی سوودی زیاتر لە چاوەڕوانییەکان هەیە.

ئێدوارد مۆیا، شرۆڤەکاتی بازاڕەکان لە کۆمپانیای OANDA دەڵێت، “لەکاتێکدا دەچینە کۆتایی ئەم هەفتەیە، چاوەکان لەسەر ئەوە دەبن کە لە هەفتەی داهاتوودا راپۆرتی هەڵاوسان چۆن دەبێت، ئایا بازاڕ بەهۆی بەرزکردنەوەی خێراتری نرخی سوودەوە زیاتر دەشڵەژێت یان نا.”