نرخی زێڕ بەرزبووەوە 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-2-2023، نرخی زێڕ کەمێک بەرزتر لە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا مامەڵەی پێوەکرا و هەر ئۆنسەیەک بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە بۆ 1835 دۆلار. بەرمیلێک نەوتی برێنتیش بە نزیکەی 83 دۆلارە.

نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ بە هەمان رێژە بەرزبووەوە و بە 1844 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

شەوی چوارشەممە کاژێر 10 بە کاتی هەولێر، بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی رابردووی خۆیان بڵاودەکەنەوە کە تێیدا سیاسەتی داهاتووی بانکەکە ئاشکرا دەکرێت.

بازرگانانی زێڕ چاوەڕێن بزانن کە ئایا بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەنیازە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان لە مانگەکانی داهاتوودا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی یاخود سیاسەتی نەختی خاو دەکاتەوە.

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بەهای دۆلار زیاتر بەرزببێتەوە و بە زیانی نرخی کاڵا و کانزاکان دەشکێتەوە. بازرگانانی زێڕیش چاویان لە روونکردنەوەی زیاتری بانکی ناوەندیی ئەمریکایە سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرەتای مانگی داهاتوویان کە بڕیار لەسەر سوودی بانکی لەو وڵاتە دەدەن.

نەوتی برێنت بە نزیکەی 83 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی نەوتی برێنت بۆ رادەستکردنی لە مانگی نیساندا لە دەوروبەری 83 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش بە 76 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

دانیەل هینس، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی ئۆسترالی نیوزیلاندی – ANZ لەو بارەیەوە رایگەیاند، “نرخی نەوت لەژێر گوشاردایە، دوای ئەوەی کە داتا لاوازە ئابوورییەکان لە وڵاتە گەشەسەندووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە خواست لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو کەمبێتەوە.”

لەگەڵ ئەوەشدا گەشبینی بە بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن چین، گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی دابەزینی نرخی نەوت سنووردار بێت.

بانکی ANZ دەڵێت، کۆمپانیای پێترۆ چاینا و کۆمپانیای یۆنی پێک کە باڵی بازرگانی کۆمپانیای (سینۆپێک)ـی چینن و گەورەترین پاڵاوگەی ئاسیا بەڕێوەدەبەن، بۆ مانگی داهاتوو 10 کەشتیی زەبەلاحی نەوتیان بەکرێ گرتووە تاوەکو نەوت لە ئەمریکاوە هاوردەبکەن کە توانای هاوردەکردنی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەیە.