نرخی نەوت بۆ سەرووی 85 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی نەوت دوای سێ رۆژ لە دابەزینی بەردەوام، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرزبووەوە. هۆکاری بەرزبوونەوەکەش بۆ گەشبینییەکان لەسەر بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە دەگەڕێتەوە.

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 42 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 48 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 7 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، لە ساڵی 2023 دا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت دوو ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات و ئەوەش بە بڕی 100 هەزار بەرمیل زیاترە لە پێشبینییەکانی مانگی رابردووی ئاژانسەکە.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێت، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە 2023 دا بەرزدەبێتەوە بۆ 101.9 ملیۆن بەرمیل. لەو دوو ملیۆن بەرمیلەی کە زیاد دەبێت، 900 هەزار بەرمیلی بەتەنیا پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و هەروەها بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، نرخی نەوت دابەزیبوو، بەڵام گەشبینی بە بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە، بووەتە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئەو دوو هۆکارە لە بازاڕی نەوتدا.

نرخی زێڕ بە زیاتر لە 1840 دۆلارە

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 16-2-2023، نرخی زێڕ بەرزبووەوە و دوورکەوتەوە لە کەمترین ئاستەکانی خۆی لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا.

دوێنێ چوارشەممە دوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی وردەفرۆشیی ئەمریکا کە دەرکەوت ئەو کەرتە بە رێژەی 3٪ لە ئاستی مانگانەدا گەشەی کردووە، نرخی زێڕ دابەزی بۆ خوار 1830 دۆلار.

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان لە ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی زێڕ بە رێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 1841 دۆلار.

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی چوار هەروەها بە رێژەی 0.3٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بە 1850 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

ئامارە بەهێزەکانی ئابووریی ئەمریکا گومانی لای بازرگانانی زێڕ دروستکردووە کە بەمزووانە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستبەرداری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بێت.

تەنیا فاکتەرێک کە بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتیکردن لە نرخی زێڕ، ئەو ناڕوونی و دوودڵیەیە کە لە ئابووریی جیهاندا بەدی دەکرێت، ئەوەش وایکردووە خواست بۆ ئەو کانزا زەردە دروستبێت.