نرخی نەوت دابەزی و زێڕ بەرزبووەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ بە رێژەیەکی کەم بەرزبووەوە، بەڵام هێشتا بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵەکانیان ئەنجام دەدەن، بەوپێیەی کە چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی یەکی ئەمساڵن کە بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 04:30 خولەکی دوانیوەڕۆ بەکاتی هەولێر بڵاوبکرێنەوە. هاوکات نرخی نەوت دابەزی بۆ خوار 86 دۆلار. 

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 1855 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا؛ نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە هەمان رێژەی 0.1٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1865 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

پێشبینی دەکرێت کە ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە مانگی یەکدا دابەزین بەخۆیانەوە ببینن، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە هێشتا لە ئاستێکی بەرزدا دەمێننەوە، ئەگەر وابێت، بازرگانانی زێڕ نیگەران دەکات، بانکی ناوەندیی ئەمریکاش ناچار دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، ئەوەش دواجار دەبێتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی کاڵاو کانزاکان.

سەرەڕای ئەو نیگەرانییانە، بەڵام نرخی زێڕ لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ئاستێکی بەرزدا مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی جیهان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی زیاتر لە کانزای زەرددا بکرێت وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان.

نرخی نەوتی برێنت بۆ خوار 86 دۆلار دابەزی

هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا رایگەیاندووە، بەپێی بڕیاری کۆنگریس نەوتی زیاتر لە یەدەکی ستراتیژیی ئەو وڵاتە ئازاد دەکات و بۆ هەرزانکردنی نرخەکان دەیخاتە بازاڕەکانەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 14-2-2023، نرخی نەوتی برێنت 70 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 85 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 93 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 79 دۆلار و 21 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

وەزارەتی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، 26 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەکی ستراتیژیی ئەو وڵاتە دەفرۆشێت.

ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، “بازرگانانی نەوت چاوەڕوانی ئەوە بوون کە یەدەکی نەوتی ستراتیژیی ئەمریکا لە راستیدا پڕبکرێتەوە، نەک ئەوەی کە ئازاد بکرێت.”

وەزارەتی وزەی ئەمریکا بڕیار بوو فرۆشتنی یەدەکی ستراتیژیی نەوت لە ساڵی 2023 دا رابگرێت، بەڵام راگرتنی بڕیاری فرۆشتنی یەدەکی ستراتیژی پێویستی بەوەیە کە کۆنگریس بڕیاری لەسەر بدات.

ئیدارەی جۆ بایدن ساڵی 2022 بڕی 180 ملیۆن بەرمیلی لە یەدەکی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکا فرۆشت.