“ژماره‌یه‌ك بڕیار بۆ جێگیرکردنی بازاڕی دراو ده‌ردەکرێن”

حكومه‌تی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ژماره‌یه‌ك بڕیار بۆ جێگیرکردنی بازاڕی دراو ده‌رده‌كرێن.

باسم عه‌وادی، گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێ بۆ چه‌سپاندنی هاوسه‌نگی له‌ بازاڕی دراو ده‌رده‌كرێن و داڕشتنی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023ـش بەمنزیکانە تەواو دەبێت.

عه‌ودای له‌ لێدوانێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا گوتی: ره‌شنووسی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2023 ئاماده‌یه‌، به‌ڵام پرسی ناجێگیری له‌ نرخی دراو بووه‌ته‌ هۆی دواكه‌وتنی.

گوتیشی: گۆڕانكارییه‌كانی نرخی دراو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییانی عێراقیدا ده‌بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیداری راسپاردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌یكه‌لیه‌تی بودجه‌ دابڕێژنه‌وه‌ و ژماره‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای نرخی نوێی دراو له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ته‌واو بكه‌ن و گوتی: دوای ته‌واوبوونی وه‌زاره‌تی دارایی له‌ جێگیركردنی ژماره‌كان به‌گوێره‌ی نرخی نوێ، پڕۆژه‌یاساكه‌ ئاماده‌ ده‌بێت و دوای خستنه‌ڕووی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت.