چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دۆلاری بەرز و بازاڕی گران

نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان لە ئێراق و هەرێمی کوردستانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بە ڕادەیەک کە گرانی هاووڵاتیانی تووڕە کردووە و تەنگی پێ هەڵچنیون، چونکە ناتوانن وەک پێویست پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن. لایەنی پەیوەندیداریش هۆکارە سەرەکیەکەی ئەم دۆخە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێنێتەوە.

دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی كاریگەرییەكی خراپی لەسەر خەڵك دروست کردووە لە هەموو لایەنێکەوە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و كەلوپەلەكان، بەو پێیەی ئێراق وڵاتێكی بەرهەمخۆرە نەک بەرهەمهێن، ئەو كاڵایانەش كە هاوردە دەکرێن بە دۆلار لە دەرەوە دەكڕدرێت، لەبەرئەوە نرخەكەی لەسەر هاووڵاتی زیاد دەبێت و بەمەش هەم فرۆشیار و هەم کریاڕ زەرەرمەند دەبن.
ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخەکان لە کاتێکی ناجێگیردایە بۆ دۆخی هەرێم؛ نرخی خۆراک نزیکەی ٪٦٠ بەرز بووەتەوە و هەڵاوسانی بە خۆیەوە بینیەوە لە چاو ساڵانی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەش مەترسیدارە چونکە هەمیشە لە مێژوودا بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک مەترسیی زیاتر و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دروست کردووە، بەتایبەتی لە دۆخی خراپی ئابووریدا.
توێژینەوەیەكی زانستی ئاشكرای دەكات بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان لە هەرێمی کوردستان دەرەنجامی هەڵاوسانێکی جیهانییە، بەڵام دەكرێت ئەم هەڵاوسانە بکرێتە هەلێک بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان.
بەو پێیەش ئاستی گشتیی نرخەکان بەرز بوونەتەوە، کەواتە ئەو کەسانەی کە لە کاتی نزمیی ئاستی گشتیی نرخەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوە بوون، ئێستا زیاتر کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری و پێدەچێت ژمارەشیان زیادی کردبێت. پێویستە لەسەر حکومەت کە یارمەتیی ماددییان بدات، بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە بتوانرێت ئەو چینەی کۆمەڵگا کە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، ئاستیان بەرز بکرێتەوە بۆ سەروو هێڵی هەژاری.
ئابوریناسانیش هۆکاری سەرکی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو شتومەکەکان بۆ بەرزی و ناجێگیری نرخی دۆلار دەگەڕێننەوە.
لەبەر ئەوەش کە دۆلار جێگرەوەی نییە، وڵاتان ناچارن مامەڵەی پێوە بکەن؛ ئەسوار پراساد، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆی کۆرنێل لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت “پێچەوانەکە لێرەدایە کە وڵاتانی جیهان نیگەرانن لە هێز و دەسەڵاتی دۆلار، بەڵام لەبەر ئەوەی جێگرەوەی نیە وڵاتان ناچارن مامەڵەی پێوە بکەن.
جگە لەوەی دۆلار بۆ کاروباری بازرگانی نێودەوڵەتی بەکار دێت، نەوتیش بە دۆلاری ئەمەریکی کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت.
پراساد دەشڵێت، هێز و دەسەڵاتی دۆلار لە جیهاندا کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئەو وڵاتانەی داهاتێکی کەمیان هەیە و قەرزێکی زۆریان لە دەرەوەی وڵاتەکەیان لایە بە تایبەت قەرزی دۆلار.
ترس لەکەوتنی ئابوری جیهان وایکردووە بازرگانان ڕوبکەنە کڕینی دۆلاری زیاترلە ساڵی ٢٠٢٢، ئەوەش وای کردووە نرخی دۆلار بەردەوام لەبەرزبوونەوەدا بێت و لەبەرئەوەی دۆلار بەردەوام پەناگەیەکی باش بووە بۆ سەردەمێکی ئابووریی ناجێگیر، ئەوەش وای کردووە کە ئەو بازرگانانە زیاتر قازانج بکەن.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرانی لە بازاڕدا زیان بە ئابووریی هەندێک وڵات دەگەیەنێت؛ بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار زیان بە ئابووریی هەندێک وڵات دەگەیەنێت، وەک ئێراق، سەریلانکا، پاکستان، ئێران و میسر چەند وڵاتێکی دیکە و دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئابووری.
بە جۆرێک بەهای دۆلار بەرامبەر بەهای دراوی ئەو وڵاتانە زۆر بەرزە و ئەوەش کاریگەری لەسەر ئابووری و گرانبوونی شتومەک دروست کردووە، هەندێکجار ئەو قەیرانە ئابوورییە حکومەت ناچار دەکات دەست لەکار بکێشێتەوە یان رووبەڕووی کێشەی گەورە بێتەوە بەرانبەر خەڵکی وڵاتەکەی. هەندێکجار ئەو وڵاتانە ناچارن داوای قەرز لە بانکی جیهانی بکەن کە ئەوەش دیسان قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە.