سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوت بەردەوامیدا بە بەرزبوونەوەکانی دوو رۆژی رابردووی خۆی و گەیشتە نزیکەی 84 دۆلار. هەروەها هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 1877 دۆلار بەرزبووەوە. 

نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 11 سەنت بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 13 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

دوای ئەوەی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، بە چەشنێک هەنگاو دەنێن کە ئابووریی ئەمریکا تووشی سستبوونەوە نەکەن. بازاڕە داراییەکان و بازاڕی کانزاکان بە “ئەرێنی” کاردانەوەیان پێشاندا. 

لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە بە وریاییەوە باسی لە پرسی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی کرد لەگەڵ ئامارەکانی پەیوەست بە کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بوونە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بە بڕی 2.2 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە.

جاستین سمێرک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (وێست پاک) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “پێمانوایە بازاڕی نەوت بە باشی هاوسەنگ بووە.” 

وەک جاستین سمێرک دەڵێت، “ئەگەر گەشەی ئابووری لە دەرەوەی وڵاتە تازە گەشەکردووەکان زیاتر بێت لە ئاستی پێشبینییەکان، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاد دەبێت و لەبەر ئەوەش رەنگە رێکخراوی ئۆپێک ناچار بێت پێداچوونەوە بە رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بکاتەوە.” 

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 1877 دۆلار بەرزبووەوە 

نرخی زێڕ بەهۆی “گەشبینی” جیرۆمی پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ سێیەم رۆژی یەک لە دوای یەک بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نزیکەی 6 دۆلار بەرزبووەوە و بە 1877 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووە و هەر ئۆنسەیەکی بە 1888 دۆلار مامەڵەی پیوەکرا.

سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات سوودی بانکی زیاتر بەرزدەکەنەوە، بەڵام راشیگەیاند کە ئاماژەکان لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بە دەرکەوتوون و پێشبینی دەکەن رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بەردەوام بێت لە دابەزین. 

بەپێی شرۆڤەکاران گوتارەکەی جیرۆم پاوڵ زیاتر بە ئاراستەی هێورکردنەوەی بازاڕ بووە هەرچەندە هۆشداریداوە کە سوودی بانکی بەرز دەکەنەوە، ئەگەر داتاکانی ئابووری ئەمریکا بەهێزبن، بەڵام زیاتر گەشبینی پێوەدیار بووە کە نەهێڵن ئابووریی ئەمریکا رووبەڕووی سستبوونەوە بێت.

ئەوە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی زێڕ پێشبینی بکەن، لە ئەمساڵدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی زۆر بەرزنەکاتەوە.