ئارام كۆشكی – سلێمانی
کتێبی “ئێما کۆمەڵکوژییەکەی دێرسیمم بینی” ناونیشانی کتێبێکە لە نووسینی حسێن یەڵدرم و وەرگێڕانی: کاوە ئەمین-ـە کە بەرھەمی ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگە. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی کۆمەڵکوژییەکەی دێرسیم.
وەرگێڕ لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “ئەوەی لەم کتێبەدا دەیخوێنینەوە بەسەرهاتی منداڵیی ژنێکی کوردە، کە بە چاوی خۆی کۆمەڵکوژی دێرسیمی بینیووە. نووسەری کتێبەکەش کە خۆی پارێزەرێکی ناوداری تورکیا و باکوری کوردستانە بە شێوەیەکی وا جوان بەسەرهاتە حەقیقییەکەی داڕشتۆتەوە، دەتوانم بڵێم تەنیا دەرهێنەرێکی سینەمایی بە توانا دەتوانێت شاکارێکی وا بخوڵقێنێت.” وەرگێڕ لە دواتردا ئاخ بۆ دەرهێنەرێکی کارامە دەخوازێت تا ئەم بەسەرهاتە بکاتە فیلمێکی سینەمایی و پیشانی جیهانی بدات و ڕوونی بکاتەوە لە وڵاتی ئێمەدا چی ڕوویداوە؟ کۆمەڵکوژییەکەی دێرسیم لە ساڵی 1937-1938 دا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام دراوە و ئیما ئەو کەسەیە کە شایەدحاڵێکی زیندووە و ئەم بەسەرهاتەی بە پارێزەر “حوسێن یەڵدرم” گێڕاوەتەوە و بەسەرهاتەکە شێوەی رۆمانێکی وەرگرتووە، بەڵام ڕۆمانێکی واقیعی و تراژیدییە.
هەموو چیرۆک و بەسەرهاتەکانی ئەم پەرتووکە گەلێک ناخهەژێنن بەتایبەت ئەوکاتە ئەفسەرێک فەرمانی گوللەبارانکردن بە یەکێک لە دانیشتوانی گوندەکەدا (کە خوێندەواریی نییە) بۆ ئەفسەرانی جێگەیەکی دیکە دەنێرێت و ئەویش نازانێت فەرمانی گوللەبارانکردنە دوای ئەوی لەوێ دەزانێت فەرمانی گوللەبارانکردنە بەرلە هاونیشتمانیانی خۆی دەداتە بەر گوللەکان…