لە دھۆك لقی بانكی بازرگانی عێراقی كرایەوە

لە رێوڕەسمێكدا بانكی بازرگانی عێراق، دوای هەولێر و سلێمانی، كردنەوەی لقی دهۆكیشی راگەیاند.
لە رێوڕەسمێكدا كە هەریەكە لە پارێزگاری دھۆك عەلی تەتەر و چەند پەرلەمانتارێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادبوون، لقی بانكی بازرگانی عێراق كرایەوە كە چەندین خزمەتگوزاری بانكی پێشكەش دەكات.
بەڕێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندنی لقی دھۆكی بانكی بازرگانی عێراقی، ئەحمەد خەزرەجی رایگەیاند: لقی بانكی بازرگانی عێراقی لە شاری دھۆك، خزمەتگۆزاری بانكی پێشكەش بە دانیشتوان و دامودەزگاكانی حكوومەت و كەرتی تایبەت دەكات. ھاووڵاتیان دەتوانن هەژماری بانكی بكەنەوە بۆ ئەوەی لە خزمەتگۆزاری بانكەكەمان سوودمەند بن، ئێمە قەرزی بازرگانی دەدەینە كۆمپانیای بازرگانی، ھەروەها قەرز دەدەینە ھاووڵاتیان، حەواڵەی بانكیمان ھەیە و لە هەریەك لە شارەكانی ھەولێر و سلێمانیش لقمان ھەیە.
بانكی بازرگانی عێراق لە ساڵی 2003 دامەزراوە، بانكەكە 25 لقی لە سەرتاسەری عێراق هەیە، كە خزمەتگوزارییەكانی بانكی پێشكەش بە كۆمپانیا و تاك و دامەزراوە حكوومییەكان دەكات.
لە رێوڕەسمەكەدا پارێزگاری دھۆك، عەلی تەتەر باسی گرنگی كردنەوەی لقەكەی بانكی بازرگانی عێراقی لە دھۆك كرد و رایگەیاند: كردنەوەی لقی دھۆكی بانكی بازرگانی عێراقی خزمەتی زیاتر بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان و پارێزگای دھۆك دەگەیەنێت و كاریگەری ئەرێنی دەبێت بەسەر كاری بانكی لە ھەرێمی كوردستان.
جەختی لەوەش كردەوە كە بۆیان گرنگە پەرە بە پەیوەندی بانكی و دارایی نێوان هەرێمی كوردستان و ناوەند بدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش زۆر كار كراوە بۆ ئەوەی ژێرخانێكی دروست دابمەزرێندرێت بە تایبەت لە بانكە تایبەتەكان و گوتیشی: “حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ كاری بانكی بازرگانی عێراقی رادەگەیەنێت، ھیوادارین بەشێوەیەكی باش خزمەتی ھاووڵاتییان بكات و ببێتە ھۆی بووژانەوەی كاری بانكی و دارایی لە ھەرێمی كوردستان.