نرخی ئەمڕۆی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم

لە هەولێر بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لەپشوودایە و داخراوە؛ لە سلێمانی بازاڕەکە کراوەیە و گوتەبێژەکەی دەڵێت، 100 دۆلار بە 166 هەزار بۆ 166 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

رۆژی شەممە، 4-2-2023، کاژێر 11:55ـی نیوەڕۆ، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “بازاڕ جێگیر نییە؛ ئێستا بەهای 100 دۆلار لە نێوان 166 هەزار و 166 هەزار و 500 دیناردایە”.

بەیانیی ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار دابەزی بۆ 162 هەزار و 500 دینار. جەبار گۆران دەڵێت: “خەڵکێکی زۆر دۆلاریان بە 175 هەزار فرۆشتبوو و ئێستا دەیکڕینەوە و ئەوەش بەهای دۆلاری بەرزکردووەتەوە، هەندێکی دیکەش پێیانوایە دۆلار زۆر دادەبەزێت و لە دوێنێوە دۆلار دەکەنەوە بە دینار. ئەمانە هۆکارن بۆ ناجێگریی بازاڕ و هەمووشی لەسەر بنەمای قسەی خەڵک و چاوەڕوانییە. سبەی بانکی ناوەندی نرخ دیاری دەکات؛ بڕێکی زۆر بخاتە بازاڕەوە بەهای دینار بەرزدەبێتەوە و بەپێچەوانەوە دادەبەزێت.

بۆ ئەوەی بەهای دینار بەرزبێتەوە، کاسبکارانی ئاڵوگۆڕی دراو دەڵێن، دەبێت بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە زیاتر لە 120 ملیۆن دۆلار بخاتە بازاڕاوە، بەپێچەوانە تەنیا بەڵێنەکان بەهای دینار بەرزناکەنەوە.

لە هەولێر رۆژانی هەینی و شەممە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو داخراوە و بەهای فەرمیی دراوەکان بڵاوناکرێنەوە، ئەوەش پێچەوانەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی کە تەنیا رۆژانی هەینی داخراوە.

زیاتر لە مانگێکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار ناجێگیرە، وێڕای رێکارەکانی حکومەتی عێراق و گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و چەند جارێک بەڵێندان بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، تاوەکو ئەمڕۆ بەهای دینار ناجێگیرە؛ رۆژی 2-2-2023 بۆ یەکەمجار بەهای 100 دۆلار 175 هەزار دیناری تێپەڕاند.

بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاری دا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات؛ تاوەکو نزیکەی دووساڵ بەهای دینار جێگیربوو تاوەکو رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند.