نرخی نەوتی برێنت بۆ خوارووی 80 دۆلار دابەزی

نرخی نەوتی برێنت لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕی نەوت لە درەنگانی شەوی هەینی بۆ خوارووی 80 دۆلار دابەزی. هەروەها نرخی زێڕیش بە رێژەی 2.4٪ دابەزی هەر ئۆنسەیەک بە 1864 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. 

دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی بازاڕی کاری ئەمریکا لە رۆژی هەینی کە تیایدا ئاشکرابوو کە لەو مانگەدا ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کاری نوێ لە ئەمریکا رەخساوە، نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد.

نرخی نەوتی برێنت 2 دۆلار و 43 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 2 دۆلار و 66 سەنت دابەزی و بە 73 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی کاری ئەمریکا لە مانگی یەکدا 517 هەزار هەلی کاری نوێ لەو وڵاتە رەخساوە و رێژەی بێکاریش دابەزیوە بۆ 3.4٪ کە کەمترین رێژەی بێکارییە لە 53 ساڵی رابردوو لە ئەمریکا.

راپۆرتەکە بازرگانانی نیگەران کردووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان.

بازرگانانی نەوت هەروەها چاویان لە رێککەوتنی وڵاتانی ئەوروپایە لەسەر قەدەخەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا. هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی داوادەکەن ئاستێک بۆ نرخی نەوتی رووسیا دابنرێت.

فیل فلین، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (پرایس فیوچەر گرووپ) رایگەیاند: بازرگانان نازانن گرینگی بەو نیگەرانییانە بدەن کە لەسەر سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا دروستبووە یان گەمارۆنی سەر رووسیا کە نرخی نەوت بەرەوە دوو ئاراستەی جیاواز دەبات.

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 2.4٪ دابەزی بۆ 1864 دۆلار

نرخی زێڕ لە دوایین ساتی بازاڕەکانی هەفتەی رابردوو دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە 3 هەفتەی رابردوودا.

بازرگانانی زێڕ نیگەرانن کە رەخساندنی ژمارەیەکی زۆر هەلی کار لە ئەمریکا لە مانگی 1 ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەو وڵاتە.

نرخی زێڕ بە رێژەی 2.4٪ دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1864 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووش دا بە رێژەی 2.7٪ دابەزی و بە 1878 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

ئابووریی ئەمریکا لە مانگی 1 دا 517 هەزار هەلی کاری رەخساندووە کە زۆربەی هەرە زۆری بازرگانان و شرۆڤەکارانی شۆک کردووە بەو پێیەی کە چاوەڕوانی ئەوە نەدەکرا کە هێندە بازاڕی کاری ئەمریکا بە بەهێزی بمێنێتەوە تەنانەت دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە یەک ساڵی رابردوودا هەشت جار سوودی بانکی بەرزکردەوە.

ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا رایگەیاند، ” ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.”

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بەهای دۆلار بەرزدەکاتەوە و نرخی کاڵا و کانزاکان دادەبەزێنێت.