بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ نەیتوانی بەربەستی 1930 دۆلار بشکێنێت و لەنێوان 1925 دۆلار بۆ 1930 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە دوایین رۆژی مامەڵەکان لە هەفتەی رابردوو لە رۆژی هەینی بەهۆی نیگەرانی لە ئامارەکانی هەڵاوسان و نرخەکانی بەکاربەر و هەروەها کۆمەڵێک ئاماری دیکەی پەیوەست بە ئابووریی ئەمریکا، نرخی زێڕ لە نزیکەی 1950 دۆلارەوە دابەزی بۆ نزیکەی 1930 دۆلار.
بازرگانانی زێڕ نیگەرانن لەوەی کە ئامارە ئەرێنییەکانی پەیوەست بە ئابووریی ئەمریکا کە هەفتەی رابردوو بڵاوبوونەوە کاریگەری لەسەر بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا دروستبکەن.
بەپێی شرۆڤەکارانی بازاڕی زێڕ، نرخی ئاستی 1950 دۆلار بووەتە بەربەستێکی گەورە لە بەردەم بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و ئاستی 1918 دۆلاریش بە ئاستێکی گرنگی بەرگری هەژمار دەکرێت کە دەتوانێت رێگری بکات لە دابەزینی زیاتری نرخی ئەو کانزایە.
بەپێی ماڵپەری (ئێف ئێکس ستریت) شکاندنی هەر یەکە لەو ئاستانە رێگە بۆ گۆڕینی ئاراستەی نرخی زێڕ خۆشدەکات و ئەگەر نرخی زێر بتوانێت 1950 دۆلار تێپەڕێنێت، دەکرێت زیاتریش بەرزبێتەوە بۆ نزیکەی 2000 دۆلار.
بە پێچەوانەوە گەڕانەوەی نرخی زێڕ بۆ ئاستی 1900 دۆلار لە کاتی دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ، یەکێکە لە سیناریۆ بەهێزەکان. هەمووی ئامانە پەیوەستە بە بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی لە کاژێر 09:00ـی شەوی ئەم چوارشەممەیە بە کاتی هەولێر.
ئەوە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ئەمساڵدا و هەر چەشنە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە سەرووی 0.25٪ وە دەتوانێت نرخی زێڕ بەرێژەیەکی بەرچاو دابەزێنێتەوە بۆ تەنانەت خوارەوەی 1900 دۆلار.
نرخی نەوت بەرزبووەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 30-1-2023 دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا و لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا، نرخی نەوت بەرزبووەوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ هێرشی سەر دامەزراوە و کارگەکانی پەیوەست بە پیشەسازی ئەتۆمیی ئێران دەگەڕێتەوە.
گەشبینی بە بووژانەوەی ئابووریی چینیش لەلایەکی دیکەوە بە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دادەنرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 46 سەنت بەرزبووەوە بە 87 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 54 سەنت بەرزبووەوە و بە 80 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە پێدەچێت ئیسرائیل لە پشت هێرشی رۆژی یەکشەممەی سەر دامەزراوەیەکی سەربازی-ئەتۆمی ئێران بێت.
ستێفانۆ گراسۆ، شرۆڤەکارێکی بازاڕە داراییەکانە لە سێنگاپوور و لەو بارەیەوە رایگەیاند، “دیار نییە لە ئێران چی روودەدات، بەڵام هەرچەشنە ئاڵۆزییەکی جیۆپۆلەتیک دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان لە پچڕانی دابینکردنی نەوت نیگەران بکات.”
بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیارە رۆژی 1ـی مانگی داهاتوو لە رێگەی ئۆنلاینەوە کۆببنەوە و پێشبینی دەکرێت سیاسەتی ئەو وڵاتانە لەسەر خستنەڕووی نەوت گۆڕانکاری بەسەردا نەیێت.
لەلایەکی دیکەوە پێشبینییەکان بۆ زیادبوونی هەناردەی نەوتی رووسیا لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە لە دەریای باڵتیکەوە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە هەفتەی رابردوودا. بەو پێیەش نرخی نەوت هەفتەی رابردوو یەکەم دابەزینی هەفتانەی خۆی لە ئەمساڵدا تۆمارکرد.
گراسۆ کە خۆی پێشتر شارەزایەکی فرۆشتنی نەوت بووە و سەر بە کۆمپانیای ئێنی ئیتاڵییە، دەڵێت، زیادبوونی هەناردەی نەوتی رووسیا لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی خواستی چین بۆ کڕینی نەوت، رۆژانە دەتوانێت یەک ملیۆن بەرمیل گۆڕانکاری دروستبکات لە خواست و خستنەڕووی نەوت.
گراسۆ دەڵێت، لەسەر ئاستی جیهاندا جموجووڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیادیکردووە، بەتایبەتی لە دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی سەری ساڵی چین و گەڕانەوەی خەڵک و بازرگانان لەو وڵاتە بۆ سەر چالاکیی ئابووریی خۆیان.
ئەو شارەزایە پێیوایە نرخی نەوت لەسەر خۆ روو لە بەرزبوونەوە دەکات لە ماوەیەکی کورتخایەندا.