سلێمان تاشان – ههولێر
بەهای دینار لە دابەزیندایە و گەیشتووەتە نزمترین نرخ کە لە مێژووی دیناری عێراق تۆمار کرابێت، ئەگەر ئەو نرخە نەگەڕێتەوە ئاستی جارانی، ئەوا کاریگەرییەکی زۆر بەرچاوی لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاریی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت. حکوومەتی سوودانی لە هەنگاوێکی نوێدا لە پێناو بەرزکردنەوەی بەهای دینار، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و دیار نییە ئایا ئەو هەنگاوە دەتوانێ کێشەکە چارەسەر بکات یا نا.
وەک ئاشکرایە، داهاتی خەڵکی کەمداهات و مووچەخۆر و فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە دینارە بەڵام خەرجییەکانی بازاڕ بە دۆلارە و تەنانەت ئەگەر بتەوێ لە مارکێتی نزیک ماڵەکەت پێداویستییەکی وەک برنج یان ڕۆن دابین بکەیت ئەوا بە بەهای دۆلار دەبێ بیکڕی. چونکە لە دەرەوە هاوردە دەکرێ و بە دۆلار دەکڕدرێت و دوای خستنەسەر قازانج بۆ دینار دەگۆڕدرێت.
ئەگەر سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ بیر بهێنرێتەوە حکوومەتی عێراق خۆی بە مەبەست و پلانێک کە لە پێناو چارەکردنی تەنگژەیەکی دارایی و پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بوو، بەهای دیناری شکاند و لە هەزار و دوو سەد دینارەوە گەیاندیە هەزار و چوار سەد و شەست دینار بۆ هەر دۆلارێک. ئەو گۆڕنی نرخە وای کرد بە رێژەی نزیکەی ٢٠% هەڵاوسان دروست بێت و بە هەمان رێژە نرخی شتومەک گران ببێت.
ئەو مووچەیەی فەرمانبەران وەری دەگرن هەمان مووچەیە کە لە ساڵی٢٠٢١ وەریان دەگرت بەڵام بەهای دراوەکە هەمان بەها نییە و تا زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر نزیکەی ٢٠%ی بەهای خۆی لەدەست دابوو و ئێستا هەمان کێشە بەڵام بە بیانوویەکی تر هاتووەتە کایەوە و کەوایە بارەکە دوو هێندە قورس دەبێت.
مانگ و نیوێکە بەهای دینار تا دێ و نزم دەبێتەوە و ئێستا لە کاتی ئامادەکردنی ئە راپۆرتە هەر ١٠٠ دۆلار بە ١٦٤٠٠٠ دینار ئاڵوگۆڕ دەکرێ و ئەمەش بەواتای ئەوەیە دینار نزیکەی ١٥%ی تر بەهای خۆی لەدەست داوە و ئەمەش باری ژیان و گوزەرانی خەڵک قورستر دەکات.
ئەگەر فەرمانبەرێک لە سێ ساڵ لەمەوبەر ٦٠٠٠٠٠ دینار مووچەکەی بوو، دەیتوانی بە بەهای ٥٠٠ دۆلار شتومەک بکڕێ و ژیانی خۆی پێ هەڵسوورێنێت بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ تا کۆتایی ٢٠٢٢ بەهاکەی بۆ ٤١٠ دۆلار دابەزی و ئەمڕۆکەش کە ٢٤ رۆژ لە ساڵی نوێ تێپەڕیوە مووچەکەی ٣٦٣ دۆلار دەکات.
بەو لێکدانەوەیە بۆمان دەردەکەوێت پێشتر کە ژیانی خۆی بە ٥٠٠ دۆلار هەڵدەسووڕاند ئێستا دەبێ بە ٣٦٣ دۆلار هەڵیسووڕێنێت و دواجار ناچارە لە خۆشییەکانی ژیانی و کوالێتی خۆراک و پێداویستی رۆژانەی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ بژیت و هەر ئەو هۆکارەشە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی رێژەی هەژاری.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ماوەی ڕابردوو بڵاوی کردەوە ٢٥%لە دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژارین و ئەگەر ئەم دۆخە چاک نەکرێ ڕێژەکە تا کۆتایی ساڵ زۆر زیاتر بەرز دەبێتەوە.
بەهای دینار لە کاتێکدا نزم بووەتەوە کە عێراق هیچ کێشەیەکی دارایی نییە و تەنانەت داهاتەکان ژمارەی پێوانەییان تۆمار کردووە و دراوی یەدەگی دۆلار لە بانکی ناوەندی دەگاتە سەرووی ١٠٠ ملیار دۆلار.
کێشە سەرەکییەکە بۆ حکوومەتی سوودانی دەگەڕێتەوە کە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بانک و دامەزراوە دارایی و بازاڕەکان بکات و بەلێشاو دۆلار لە وڵات دەبردرێتە دەرەوە. ئەمەریکا کە ئەم دۆخەی پێ قبووڵ ناکرێ مەرجی قورسی سەپاندووە و تا رێکارەکان بە تەواوی توند نەکرێن دۆلار هەر لە بەرزبوونەوەدا دەبێت.
بەپێی ئەو ڕێوشوێنانەی بانکی ناوەندی بە هەماهەنگی ئەمەریکا گرتوویەتە بەر، تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەو بانک و دامەزراوە داراییانە دەکرێ کە بەگوێرەی رێنمایی و ڕێساکان کار دەکەن و مەرجەکان جێبەجێ دەکەن. داخوازیی زۆر لەسەر دۆلار و خستنەڕووی کەم وایکردووە دینار نەتوانێ ڕکابەریی دۆلار بکات.
حکوومەتی سوودانیش دەستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ کردووە و ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی کانوونی دووەم بڕیاری دوورخستنەوەی مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی دا و لە جێگای ئەو عەلی عەلاق وەک پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندی بە وەکالەت داندرا.
ئەگەر کێشەی بەهای دینار پێوەندی بە دەسەڵاتی بانکی ناوەندی هەبێ، ئەوا بەو گۆڕاینانە دەبێ بەهای دینار بەرز ببێتەوە بەڵام ئەگەر کێشەکە لەسەرووی بانکی ناوەندی بێ ئەوا کێشەکە بەردەوام دەبێ تا ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بە تەواوی ڕێ لە چوونەدەرەوەی دۆلار دەگرن.