نرخی نەوت بۆ 88 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئاسیا کەمێک بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 88 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 13 سەنت بەرزبووەوە و بە 81 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

وەبەرهێنەران و بازرگانانی نەوت گەشبینن کە کرانەوەی دەروازەکانی چین لەمساڵدا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت.

هەروەها بازرگانان چاوەڕێی داتاکانی پەیوەست بە قازانج و زیانی کۆمپانیا گەورەکان دەکەن بۆ ئەوەی بۆیان دەربکەوێت ئابووریی جیهان بە چ ئاراستەیەکدا دا دەڕوات.

ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا دەڵێت، “بازاڕی نەوت سەرەتای ئەم ساڵ بە بەهێزییەوە دەستپێکرد، بەڵام هەواڵەکانی پەیوەست بە رەوشی ئابووریی ئەمریکا و ئەگەری سستبوونەوەی جاروبار بازرگانانی نەوت نیگەران دەکات.”

وەبەرهێنەران نیگەرانی سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا کە دەتوانێت لەمساڵدا خواست بۆ نەوت کەمبکاتەوە.

نرخی زێڕ بەرزبووەوە و 1935 دۆلاری تێپەڕاند

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. 

هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە 24-1-2023، بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و بە 1935 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.4٪ بەرزبووەوە بۆ 1936 دۆلار.

بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە دابەزی

هەر ئەمڕۆ سێشەممە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بە رێژەی 0.2٪ دابەزی و ئەوەش بووە هاندەر بۆ بەرزکردنەوەی نرخی زێڕ.

رۆژی پێنجشەممە ئامارەکانی پەیوەست بە گەشەی ئابووریی ئەمریکا بڵاودەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر نرخی زێڕ بەجێبهێڵێت.

مات سیمپسۆن، شارەزای دارایی سەر بە سیتی بانک دەڵێت ” ئەگەر داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا دڵخۆشکەر نەبن ئەگەری هەیە نرخی زێڕ بەرزبێتەوە بۆ نزیکەی 1960 دۆلار، بەڵام ئەستەمە بتوانێت 2000 دۆلار تێپەڕێنێت.”