بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە عێراق ئەجێندای سیاسی هەیە لە دەرەوەی دەسەڵاتی بانکی ناوەندی

ماوەیەکە بەهۆی بە لێشاو بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراق، نرخی دینار بۆ نزمترین ئاستی لە مێژوودا دابەزیوە و ئەمەش کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئابووریی عێراق داناوە و بازاڕەکانی شێواندووە. بەهای دینار بەندە بەوڕێکارانە تا زیاتر سەرکەوتوو بێ و ڕێ لە گواستنەوەی دۆلار بگرێ، بەهای دینار بەرز دەبێتەوە و پێچەوانەکەشی بەهای دینار کەم دەکاتەوە.

ڕۆژنامەی وال ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و عێراق ئاشکرای کرد کە بۆڕێگریکردن لە بردنەدەرەوەی دۆلار بە تایبەتی بۆ ئێران، ڕێوشوێنی زۆر توند لە دژی بانکەکان و دامەزراوە داراییەکان گیراوەتە بەر.
زیاتر لەیەک مانگە بەهای دینار بەرانبەر دۆلار کەم بووەتەوە و نرخی هەر دۆلارێک تا هەزار و شەش سەد و شەست دینار هەڵکشاوە، لە کاتێکدا بە گوێرەی بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق، نرخی دۆلار بە هەزار و چوار سەد و شەست دینار دەستنیشان کراوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە تەواوی پرۆسەی گواستنەوەی ئەلیکترۆنیی دۆلار لە ئەمەریکاوە بۆ عێراق خراوەتە ژێر کۆنترۆڵ و نزیکەی ٨٠% لە چالاکییەکانی گواستنەوەی دۆلار بۆ بانکەکان کەمی کردووە، لە کاتێکدا پێشتر رۆژانە تا دوو سەد و پەنجا ملیۆن دۆلار پارەدەخرایە بازاڕەوە.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا؛ تەنیا کاتێک ڕێ بە گواستنەوەی دۆلار دەدرێ کە زانیاری ورد لەسەر گواستنەوەی دۆلارەکە هەبێت و بە تەواویڕوون بێت ئەو پارەیە بۆ کوێ دەڕوات و بۆ چ مەبەستێک وەری دەگرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکە بەشێک لە سیاسەتمەدار و بەرپرسانی عێراقی کە لە ئێران نزیکن، دژی ئەو ڕێوشوێنانەن کە ئەمەریکا گرتوویەتە بەر . لە بەیاننامەیەکدا کە لە لایەن هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی بڵاو کراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ئەو لە ١٠ی ئەم مانگە، لە دیداریدا لەگەڵ باڵوێزی فەرەنسا لە بەغدا گوتوویەتی ئەمەریکا دۆلار وەک چەک لە دژی خەڵکی عێراق بەکار دەهێنێت و دەیەوێت خەڵکی عێراق برسی بکات.
ڕۆژنامەکە گوتوویەتی خەڵکی عێراق بانکی ناوەندیی ئەمەریکا و وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە بە هۆی سەرەکیی دابەزینی بەهای دینار لە قەڵەم دەدەن.
جێی باسە، بانکی ناوەندیی عێراق لە ساڵی،٢٠٠٤ واتە ساڵێک دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە هەماهەنگی و هاوکاری ئەمەریکا بە شێوەیەکی سەردەمیانە دامەزرا و بەهۆی ئەوەی کە چالاکییە دارایی و بازرگانییەکانی عێراق بە دراوی کاش دەکرێ، دۆلار بووەتە پێویستییەکی سەرەکی بازاڕەکانی عێراق.
بازرگانان و چاودێرانی ئابووری لایان وایە دوای نزیکەی دوو دەیە لە پرۆسەی بازاڕەکانی عێراق بە تەواوی بە دۆلار بەستراونەتەوە و بۆیەش بێبەشبوونی عێراقییەکان لە دۆلار و کەمبوونەوەی لە بازاڕەکان دەتوانێت کاریگەری زۆر خراپی لەسەر بازاڕەکانی ئەو وڵاتە هەبێت.
بەشێک لەو دۆلارەی کە دێتە عێراق، چەند مانگ جارێک بە فڕۆکەیەکی تایبەتی لە ئەمەریکاوە بۆ بەغدا دەگوازرێتەوە و لە لایەکی ترەوە بە قەبارەیەکی گەورەتر لەڕێی گواستنەوەی ئەلیکترۆنی لە لایەن بانکە تایبەتییەکانی عێراق لە هەژماری سندووقی دراوی عێراقی لە بانکی ناوەندی ئەمەریکا بۆ عێراق دەگوارێتەوە.
دابەزینی بەهای دینار هاوکاتە لەگەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی محەمەد شیاع سوودانی و نزیکەی مانگێک دوای ئەوەی حکوومتی نوێ دامەزرا، ئەمەریکا دەستی بەڕێکارەکانی ڕێگرتن لە گواستنەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ دەرەوە کرد.
بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ ڕۆژنامەکە گوتوویانە ئەوڕێکارانە کە بەرانبەر دۆلار گیراونەتە بەر، دەرەنجامی دوو ساڵ دانوستان و پلاندانانی هاوبەشی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و بانکی ناوەندیی وڵاتەکەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە حکوومەتی نوێ وە نییە.
ئەمەیەکەم جار نییە کە ئەمەریکا گواستنەوەی دۆلار بۆ عێراق سنووردار دەکات، لە ساڵی ٢٠١٥ەش وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بەهۆی نیگەرانی لە گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران و ئەو گرووپانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، گواستنەوەی چەندین ملیار دۆلار بۆ عێراقی ڕاگرت.
سەرەڕای ئەمڕێکارە سەختانە، ئێستا بەشێک لە بەرپرسانی باڵای عێراقی پشتیوانی لەوڕێکارە سەختانە دەکەن کە ئەمەریکا دەستی پێ کردووە، هەرچەندە لە کورتخایەندا دەبێتە هۆی دابەزینی بەهای دینار و گرانتربوونی کاڵاکان لە بازاڕەکان، بەڵام لە درێژخایەندا بە قازانجی ئابووری عێراقدا دەشکێتەوە.
پێویستە بگوترێ، سەرەتای ئەم هەفتەیەش محمەد شیاع سوودانی دووبارە خەڵکی عێراقی دڵنیا کردەوە لەوەی کە هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئەوەیڕێگری لە زیاتر گرانبوونی دۆلار بکات و داواشی لە بانکی ناوەندی کردووە کە ڕێکاری گونجاو بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بگرێتە بەر.

ھەواڵی زیاتر