واده‌ی خه‌رجكردنی پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران بۆ ساڵی 2015 ئاشكراده‌كرێت

سبه‌ی فه‌رمانی خه‌رجكردنی پاره‌ی گه‌نمی ساڵی 2015ـی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌چێت. 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (21ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، كه‌مال موسلیم سه‌یعد، وه‌زیری بازرگانی هه‌رێمی كوردستان رايگه‌یاند، له‌گه‌ڵ وه‌زیری بازرگانی عێراق قسه‌یكردووه‌ و سبه‌ی فه‌رمانی خه‌رجكردنی پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان  بۆ ساڵی 2015 ده‌رده‌چێت.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ (18ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، غه‌ریب ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی بووژانه‌وه‌ی كوردستان24 كه‌ دیاری شێخه‌ پێشكه‌شی ده‌كات، رایگه‌یاند، وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق به‌ڵێنیداوه‌ كه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رجبكات.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ دیدارێكیان له‌گه‌ڵ عه‌باس جه‌بر، وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی یاسای ئاسایشی خۆراك كرایه‌وه‌ كه‌ ناردنی پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستانی تێدا جێگیركراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ بڕی پاره‌ی ماوه‌ی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان، غه‌ریب ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كۆی گشتی ئه‌و پاره‌یه‌ 109 ملیار دیناره‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا ته‌نیا 14 ملیار دیناری خه‌رجكراوه‌.