نرخی نەوتی برێنت بۆ سەرووی 87 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە دوایین ساتی مامەڵەکانی هەفتەی رابردوو بەهۆی گەشبینییەکان بە بووژانەوەی ئابووریی چین و بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن گەورەترین هاوردەکاری نەوت، بەرزبووەوە. هەروەها نرخی زێڕیش بە رێژەی 0.15٪ دابەزی.

نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە 1 دۆلار بەرزبووەوە و بە 87 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و هەشت سەنت بەرزبووەوە و بە 81 دۆلار و 69 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوت بۆ ماوەی دوو هەفتەی یەک لە دوای یەکە کە بەرزبوونەوە بە خۆیەوە دەبینێت. لادانی بەربەستەکانی هاتووچۆ لە چین بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو بەرزدەکاتەوە بۆ ژمارەیەکی پێوانەیی.

رێکخراوی ئۆپێکیش لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا دەڵێت کە خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت لە 2023 دا رۆژانە زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل بەرزدەبێتەوە.

نەعیم ئەسلام، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئاڤا ترەیدەر) دەڵێت، ” زۆربەی بازرگانان پێیانوایە کە ئەگەر چین بەردەوام بێت لە ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە.”

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1925 دۆلار دابەزی 

نرخی زێڕ لە دوایین کاتی مامەڵەکانی رۆژی هەینی بە رێژەی 0.15٪ دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1925 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

سەرەڕای دابەزینی نرخی زێڕ لە رۆژی هەینی، بەڵام نرخی زێڕ هێشتا لە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەوە بۆ پێنج هەفتە دەڕوات کە لە ئاستی هەفتانەدا رووی لە بەرزبوونەوەیە.

نرخی زێڕ لە رۆژی هەینیدا بەرزبووەوە بۆ 1937 دۆلار، بەڵام نەیتوانی ئەو ئاستە بپارێزیت و لە دەورووبەری 1925 دۆلار داخرا.

نرخی زێڕ هەروەها لە گرێبەستەکانی مانگی داهاتوودا بە 1928 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوەکرا.

دانییەل غالی، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای (تی دی سیکیۆریتی) رایگەیاند، “بەهای دۆلار هەندێ سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینیدەکرێت لەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ بەرەو دابەزین ئاراستەی بگۆڕدرێت.”