نرخی نەوتی برێنت بۆ خوار 85 دۆلار دابەزی

لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیە دا، نرخی نەوتی برێنت دابەزی، بەڵام هێشتا لە نزیکەی بەرزترین ئاستەکانی ئەمساڵ مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەویش لەبەر گەشبینی بازرگانانی نەوت بە بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە کە بە گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهان دا هەژمار دەکرێت.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 16-1-2023، نرخی نەوتی برێنت 36 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 84 دۆلار و 92 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 21 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تەکساس هەفتەی رابردوو بە رێژەی 8٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی ئامارەکانی چین ئاشکرایان کرد، هاوردەکردنی نەوت لەلایەن چینەوە لە مانگی 12ی ساڵی رابردوودا بە رێژەی 4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

شرۆڤەکارانی بانکی ئۆسترالیی نیوزلاندی ( ANZ ) روونیانکردووەتەوە کە هاتووچۆ و جموجۆڵ لە شارەکانی چین زیادیکردووە و ئەوەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاد دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای راوێژکاری ING سەبارەت بە بازاڕی نەوت رایگەیاندووە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە سەرەتای ئەمساڵدا، بەڵام بڕی نەوتی پێویست لە بازاڕدا بە باشی لەبەردەستەوە و لەڕووی خستنەڕووەوە بازاڕ هیچ کێشەیەکی نییە. 

کۆمپانیای ING پێیوایە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت هەیە، بەو پێیەی لە خستنەڕووی نەوت کەمدەبێتەوە.

نرخی زێڕ لە نزیکەی 1920 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی زێڕ لە رۆژی دووشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە نزیکەی بەرزترین ئاستەکانی خۆی مامەڵەی پێوەکرا.

لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.1٪ دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1918 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. 

نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە جێگیری مایەوە لە نزیکەی 1921 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بەوپێیەش نرخی زێڕ لە نزیکەی بەرزترین ئاستەکانی خۆی لە دوای مانگی 5ی ساڵی رابردووەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئەم هەفتەیە ئامارەکانی پەیوەست بە گەشەی ئابووریی ئەمریکا، ژاپۆن، چین و بەریتانیا بڵاودەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دابنێن.

نرخی زێڕ بەهۆی ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی جیهان لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و زێڕ کە بە سامانێکی سەلامەت هەژماردەکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشە و گرفتە جیوسیاسی و ئابوورییەکان، نرخەکەی پاڵپشتی لەو گریمانە وەرگرتووە.

لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەوەی کە رۆژی دووشەممە لە ئەمریکا پشووە هێندە گۆڕانکاری گەورە لە نرخی زێڕ روونەدات و هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1920 دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت.

ھەواڵی زیاتر