نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە

نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەردەوامی دا بە بەرزبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی. 

هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە بۆ 1787 دۆلار و لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ مانگی 3ی ئەمساڵ نرخی هەر ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 1882 دۆلار و بە رێژەی 0.3٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. 

رۆژی پێنجشەممە ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر و هەڵاوسان بۆ مانگی 12ی ساڵی رابردوو بڵاودەبێتەوە، پێشبینی دەکرێت کاریگەری بەرچاو لەسەر نرخی زێڕ دابنێن.

ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی 12 دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا دروستبکات لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا.

ئەگەر هەڵاوسانی مانگی 12 دابەزینی پێوەدیاربێت، بازرگانانی زێڕ گەشبینن بەوەی کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا تەنیا بە رێژەی 0.25٪ سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، بەپێچەوانەوە پێشبینیکراوە بانکەکە سیاسەتێکی تووندتر بگرێتەبەر و سوودی بانکی زیاتر بەرزبکاتەوە.

جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی نێوان بانکە ناوەندییەکان رایگەیاند کە ناچارە بڕیاری تووند بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان دەربکات و بریارەکانی بانکەکەش رەنگە لە رووی سیاسییەوە هێندە پەسندکراو نەبن. جەختی لەوەش کردەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەربەخۆیی خۆی لە بڕیارە سیاسەییەکان دەپارێزێت.

ھەواڵی زیاتر