نرخی نەوتی برێنت دابەزی

بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان نرخی نەوت کەمێک دابەزی و نرخی زێڕ لەنزیک بەرزترین ئاستەکانی لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی برێنت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نزیکەی 40 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 26 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 37 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی نرخی نەوت بەپێی شرۆڤەکاران دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بازرگانان چاوەڕوانی ئاماژەیەکن لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بۆ ئەوەی بزانن چۆن و بە چ رێژەیەک گۆڕانکاری لە سوودی بانکی دەکات.

بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاند، ئەو داتایانەی کە بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە لەسەر هەڵاوسان بڵاوبێتەوە یارمەتییان دەدات لەوەی کە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی کەم بکەنەوە بۆ 0.25٪، یان ناچار دەبن رێژەیەکە بەرزبکەنەوە.

دابەزینی ئەمڕۆی نرخی نەوت لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە بەهۆی کرانەوەی دەروازەکانی چین نرخی نەوت بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە.

لەلایەکی دیکەوە حکومەتی چین راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە لەسەر بڕی ئەو نەوتەی کە بەنیازە لە ساڵی 2023 دا هاوردەی بکات. بەپێی راپۆرتەکە بڕی نەوتی هاوردەکراو لە چین لەمساڵدا بە رێژەی 20٪ زیاد دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە هەروەها بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە کە یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی کە نرخی کاڵا و کانزاکانی دابەزاندووە.

هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1880 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

نرخی زێڕ لە نزیک بەرزترین ئاستەکانی لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوەکرا و هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ بە نزیکەی 1879 دۆلار مامەڵەی پێوەکراو بازرگانانی زێڕ چاوەڕوانی روونکردنەوەی زیاتری سیاسەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی باشتر لە ئاراستەی سیاسەتی نەختی بانکەکە تێبگەن کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بڕیاری نوێ لەسەر سوودی بانکی بدات.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی بانکە ناوەندییەکان لە سوێد بەشداردەبێت و لەوێ گوتارێک پێشکەش دەکات. بازرگانان بەوردی چاوەڕوانی گوتارەکەی دەکەن.

نرخی زێڕ لە دەستپێکی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەمساڵ بە بەهێزییەوە کرایەوە. نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ تەنانەت بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا. نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و گەشبینی بە وەستاندنی سیاسەتی تووندکردنەوەی نەختی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بووە.

کۆتایی ئەم هەفتەیە ئاماری هەڵاوسان لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە کە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی 12 هەڵاوسان هێشتا کەمتر بووبێتەوە. ئەو ئامارانە کاریگەری گەورە لەسەر بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێن.